لە شارستانی سەلاسی باوەجانی کرێکارێک توشی ڕووداوی نەخوازراوی کار دەبێتەوە

بە پێی ڕاپۆرتێک کە بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، ڕۆژی دووشەمە ۱٥ی خەرمانانی ۹٥ی هەتاوی کرێکارێکی بینا سازی له‌ شارستانی سەلاسی باوجانی بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە باڵەخانەێیک دۆخی تەندروستی تێک دەچێت.

بەپێی هەواڵە ئەو کرێکارە بە سەرا دەکەوێتە خوارەوە و شان و ملی ئازاری بەردەکەوێت ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت و ئێستاش لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە .

بە پێی هەواڵێکیتر لە پارێزگای کرماشانەوە ڕۆژی دووشەمە ٨ی خەرمانان لە نزیک گوندی “نگرە”ی شارستانی سەلاسی باوجانی بە هۆی وەرگەڕانی ماشێنێکی باری لە جۆری نەیسان کە کرێکارانی بازاڕی سەرسنووری شێخ سڵەی سوار کردبوو ۱۳ کەس لەو کرێکارانە بریندار دەبن.

شایانی باسە شارستانی سەلاسی باوەجانی جگەلەوەی بە بیانوی شاخاوی بوونەوە ڕێگە و بانێکی خراپی هەیە و لە بواری پزشکیشەوە جگە لە دەرمانخانەی بچووک خاوەنی هیچ نەخۆشخانەیک نییە و لە ئەگەری ڕووداوی نەخوازراو و بە پەلەدا دەبێت نەخۆشەکان ڕەوانەی شارەکانی دەوروبەر بکرێت و ئەمەش بەهۆی دێر پێڕاگەیشتنی پێداویستە پزشکییەکان دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی نەخۆشەکان .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان