ئاشکرابوونی ناونیشانی ٦کەسی دیکە لە ڕفێنراوانی خۆپیشاندانە گشتگیرەکان

ک.م.م.ک:

دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەرەج، هاوڵاتییەک بەناونیشانی عیرفان کۆهزاد خەڵکی کامێران کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە گشتگیرەکان دژبە کوشتنی ژینا ئەمینی کچێکی ٢٢ساڵ تەمەنی سەقزی لە لایەن گەشتی ئیڕشادی تارانەوە، بریندار کرابوو، ڕفێنراو و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

هەروەها سێ هاوڵاتی دیکەی خەڵکی کامێران بەناوەکانی فەرزین مەوەفەقی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، خەبات موزەفەری و ئەمیر نەدیمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان بەدەستەوە نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەر، مەهدی جەوانمەردی، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتن و خۆپیشاندانەکان دژی کوشتنی حکوومی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زانیارییەک لە چارەنووسیان بەدەستەوە نییە.

شیاوی باسە کە، پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، هاوڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناونیشانی ئیسماعیل نەبیزادە ٢٩ساڵ تەمەن، خێزاندار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و دۆخی ناوبراو بەدەستەوە نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *