ک.م.م.ک:
دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، دوو چالاکی هونەری شاری سنە بەناوەکانی گەشین محەممەدیان ٣٠ساڵ تەمەن و فەرهاد سەنەندەجی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی دژبە کوژرانی ژینا ئەمینیی لە گۆڕەپانی ئێقباڵی سنە هاوکات لەگەڵ نێزیک بە ٧ کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازران.
شیاوی بادە کە، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر ناونیشانی دیکەی دەستبەسەرکراوان بەدەستەوە نیتە.
هەر لەم پێوەندییەدا و لەشاری مەریوان، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە٢٨ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی دوو چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان بەناوەکانی ڕێبوار کامەرانپوور و ئەمجەد ساعی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.
شیاوی باسە کە، هۆکاری دەستبەسەری ئەم دوو هاوڵاتییە مەریوانییە نەزانراوە.
بەپێی مانگرتنی سەرانسەری لە کوردستان بەهۆکاری ناڕەزایی دەربڕین بە کوژرانی ژینا ئەمینی کچێکی ٢٢ساڵ تەمەنی سەقزی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیڕشاد لە تاران، هێزە ئەمنییەکان لە لایەکەوە و هێزە چەکدارەکانی دژە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی دیکەوە لە ڕێی دەستبەسەری و زۆرجاریش تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی ناڕازی کورد بوون بە هۆکاری کوژران و برینداربوونی ڕێژەیەک لە هاوڵاتیانی کوردستان. بە چەشنێکە بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان لە پەلامارێکی تەقە کردنی هێزە چەکدارە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقز، شایەتحاڵان باس لە برینداربوونی ٣٠ژن و پتر لە ١٠٠ پیاو دەکەن.
ق.ش


