هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێکیان دایە بەر فیشەک

ک.م.م.ک:

سێ شەمە ۱۵ـی خەرمانانی ۲۷۲۲ـی کوردی، هێزە چەکدارەکای کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزاییەکانی “هەنگەژاڵە”ـی بانە، گرووپێک کۆڵبەریان دایە بەر فیشەک و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناو “شۆڕش باشبڵاخی” لە دەست و لاق و پشتەوە بە خەستی بریندار بوو.

بە پێی راپۆرتەکە، شۆڕش باشبلاخی خەڵکی شاری سەقز و خێزاندار و دوومنداڵی هەیە.

جێگەی ئاماژەیە، پێ دەچێت لەم مانگانەی دواییدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی تازە و هەڵسووکەوتێکی دوژمنانە بە ئامانجی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، فەرمانی کوشتن وتەقەی راستەوخۆی بۆ هێزە چەکدارەکانی دەرکردبێت و رۆژانە بووەبە هۆی برینداربوون و گیان لە دەست دانی چەندین کۆڵبەر و کاسبکار لەم بەشەی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کۆردستان داسەپاندنی دۆخی گوشار و بەرتەسک کردنەوەی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتییان بۆ وەدەست خستنی بژێوی ژیانیان بە پێچەوانەی دادپەروەری و مافی شارۆمەندی دەزانێت و داوا لە رێخراوە کانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێخراوگەلی دژی ئەشکەنجەو توندوتیژی هەمبەربە هاوڵاتیان دەکات ئەم هەڵسووکەوتەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە بکەن و چیدی رێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژانە کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بکوژێت.
م.ه

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *