ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە مانگی ئاگۆست ی ٢٠٢٢، هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە کۆ کرداوەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە بە هۆی ئیزن پێنەدانی حکوومەتی ئێران بە ڕێکخراوە و گرووپە ماڤی مرۆییەکان، ڕاپۆرتێکی تۆکمە و تەواو نییە و تەنیا بەشێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەخاتەڕوو.
حکوومەتی ئێران لە دەسپێکی هاتنە سەرکاری بە دەستبەسەر کردن، حووکمی زیندان، ئەشکەنجە و سێدارە و … مافی مەدەنی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی خەڵک بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل دەکات .
پێشێلکاری ماڤی ڕادەربڕین، پێشێل کردنی مافی ژیان و ئەمنییەتی تاکەکەسی و هەڵاواردنی حکوومی بابەتگەلێکن کە ڕۆژانە لە لایەن حکوومەتەوە جێبەجێ دەکرێن.
ئێعدام
لەم مانگە
سیاسەتگەلی ئێعدامی هاوڵاتیان هەروا بەردەوام بووە، بە چەشنێ کە لەم مانگەدا ۲ کەس ئێعدام کراون.
دەستبەسەری و زیندان
لەم مانگەشدا هەروەها دەستبەسەری و زیندانی کردن بەشی هەرە زۆری ئامارەکان لە خۆ دەگرێ، بەشێوەیەک کە لەم مانگە دا بە گشتی ۶٨ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون.
که لە ناویان دا ۹ کەس حووکمی زیندانیان پێدراوە.
رێژەی گیراوانی ژن ۴ کەسە کە ۳ کەسیان حووکمی زیندانیان بەسەرداسەپێندراوە.
هەروەها ۴ کۆڵبەریش لەو مانگەدا دەستبەسەر کراون.
کۆڵبەر و کاسبکار
کۆڵبەرەکان کە وەکوو هەردەم دەکرێنە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەم مانگەیش دا ۷ کۆڵبەر کوژراون و ۱۶ کۆڵبەریش بە گرانی بریندار کران کە سەرجەم ۲۳ کۆڵبەری کوژارو بریندار هەیە.
خۆکوژی
ڕێژەی خۆکوژی هاوڵاتیان ڕوو لە هەڵکشانە و شایەتی زۆربوونی خۆکوژی بە تایبەتی لە ناو منداڵان بووین. لەم مانگە دا زیاتر لە ٨ منداڵی تەمەن ژێر هەژدە ساڵ خۆکووژییان کردووە و هەروەها زیاتر ۲ ژن کوژاون و زیاتر لە ۴ ژن خۆیان کوشتووە. ۱ پیاو کوژاوەو و ۲۲ پیاو دەستیان داوەتە خۆکووژی.
مین
بە پێی زانیاری گەیشتوو بە کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لەم مانگە دا بە هۆی تەقینەوەی مین ۳ کەس بەگرانی بریندار بوون و ۱ کەس گیانی لەدەستدا.
لە بەردەوامی سیاسەتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان ۱ کەس لە خەڵکی سیویل تەقەی لێکراو گیانی لە دەستدا.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد دەکات، بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافی یاسایی و سرووشتی خۆیان لە هەوڵدان دابن و هەر چەشنە پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤی بڵاو بکەنەوە و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد تێبکۆشن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان