ورمێ؛ هەوڵی خۆکوژی سوعدا خەدیرزادە لە زیندان

ک.م.م.ک:

پێنجشەممە٢٧ی گەلاوێژی٢٧٢٢ی کوردی، سوعدا خەدیرزادە ژنە بەندکراوی سیاسیی، لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ دەستی دایە خۆکوژی.

بە گوێرەی هەواڵەکە، سوعدا خەدیرزادە لە ڕێی پەت هەڵخستن بۆ خۆی بە لەچکەکەی سەری هەوڵی خۆکوژی داوە کە بەر لەوەی گیان لە دەست بدات فریای دەکەون و هەنووکە لە بەشی دەرمانی زیندان لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەیەکی ئاگادار درکاندوویەتی؛ ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات و پاراستنی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ بانگهێشت و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە.

دەکوترێ لە سوعدا خەدیرزادە منداڵە ساواکەیشی بەر لە هەوڵی خۆکوژی خۆی دەرمانخوارد کردووە، بەڵام ڕاستی حاڵەتەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

تا ئێستەیش هۆکاری دەستبەسەری و ئەو تۆمەتانەی نراونەتە پاڵ ئەم ژنە کوردە ئاشکرا نەکراون.

جێی بیرهێنانەوەیە کە، سوعدا خەدیرزادە هاوڵاتی خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر و پاش ٢٥ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئێران ڕاگوازرا.
جێی سەرنجە کە ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ بە نەشتەرگەری سزاریەن منداڵەکەی لە دایک دەبێت و دوایی ڕۆژێک بەو دۆخە ناجێگیرەیەوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ زیندان.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *