ئاکۆ ئەڵڵامرادی لەسەر داوای یوئێن بە شێوەی مەرجدار کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

ک.م.م.ک:

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئاکۆ ئەڵڵامرادی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی شاری سنە، کە نیشتەجێ و پەنابەری باشووری کوردستانە، کە لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ئەمساڵەوە لێوەکانی خۆی درووبوویەوە و مانی لە خواردن گرتبوو، ڕۆژی پێنجشەممە٩ی پووشپەڕ، لە سەر داوا و بەڵێنی ڕێخراوی یوئێن کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ڕۆژی پێنجشەممە، نوێنەری یوئێن کە پێکهاتبوون لە چەندد کەسێکی سەر بەو ڕێخراوە کە بیانی بوون، بەڵێنیان بە ئاکۆ ئەڵڵامرادی دا کە مانگێک مۆڵەتیان پێبدات بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێی پێوەندییەکانەوە بۆ ناردنی ناوبراو بۆ وڵاتی سێیەم هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.

شیاوی باسە کە ئاکۆ ئەڵڵامرادی بە بۆنەی ئەو ئەشکەنجانەی لە کاتی دەستبەسەری لە لایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە لەسەری جێبەجێ کراون دوو دەماری چاوی پساوە و پێویستی بە چارەسەری هەیە و هەموو پزیشکەکانی کوردستان ڕایان گەیاندووە کە چارەسەری و دەرمانی چاوی ناوبراو لە کوردستان ناکرێ و پێویستە ڕەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو بکرێت.
جێی سەرنجە کە ناوبراو بە یوئێنی ڕاگەیاندووە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکەیان دەست دەداتە کردەوەی خراپتر و خۆسووتاندن.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *