ک.م.م.ک:
یەکشەمە ۲۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۲ی کوردی، فیروز مووسالوو، زیندانیی سیاسی لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم زیندانییەسیاسیە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل (قطور)ی سەر شاری خوێی لە پارێزگای ورمێ یە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ۲۸ی جۆزەردان، سەرۆکی زیندانەکە بە پاساوی پێداچونەوە بە دۆسیەکەی لەلایەن شاندێکی دادوەرییەوە، زیندانی سیاسی لە ناو زیندانیانی سیاسی دوورخستەوە و گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.
دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی جۆزەردان گوازرایەوە بۆ بەشی تاکەکەسی، ناوبراو بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و تا ئێستا لە هۆکاری گواستنەوەی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
شایانی باسە کە فیروز مووسالوو لە ڕێکەوتی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لقی ۲ی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ، بە تۆمەتی “موحاریبە” لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتێکی کوردستانی دژ بە حکوومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە، دوای چەند ساڵێک لەئەندامێتی لەیەکێک لەحزبەکوردستانیەکان، ناوبراو بە ئەمانامە گەڕایەوە کوردستان و ئێران و لەلایەن هێزەکانی سپا دەسبەسەر کرا بوو.
ع. س