ک.م.م.ک:
ڕۆژی پێنجشەممە١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی، سێ پیاوی زیندانی بە ناوەکانی قلیچ شکووئی، محەممەد ڕەزا قوربانی و وەحید بێهمەرام، هەموویان پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان(بەندی١٥ی پێشوو) بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان گوازرانەوە بۆ ژووری تاکەسی زیندانی ئێران لە ورمێ.
بە گوێرەی هەواڵەکە، قلیچ شکوئی و محەممەد ڕەزا قوربانی پێشووتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، لە دادگای یەکەمیان لە سەر مادە هۆشبەرەکان بە ئێعدام مەحکووم کران کە حوکمی ئێعدامی ئەم دوو کەسە لە دیوانی باڵای وڵات پووچەڵ بوویەوە و دۆسیەکەیان بۆ لقی هاوئاستی گەڕێنرایەوە و سەر لە نوێ محاکمە کرانەوە و لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بە ئێعدام مەحکووم کران.
جێی سەرنجە کە وەحید بێهمەرام ــیش پێشووتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
ق.ش