ک.م.م.ک:
یەکشەممە 1ی جۆزەردانی 2722ی کوردی، هووشەنگ ڕەزایی، زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ڕەجایی شار کە لە ڕێکەوتی 21ی گوڵان دا، بۆ پشتیوانی ئەحمەدڕەزا جەلالی مانی لە خواردن گرتبوو، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنەکەی ڕاگەیاند.
دەقی نامەکە بەو شێوەیەیە:
دوای دوا وادەی دەسەڵاتی دادوەری بۆ لەسێدارەدانی بەڕێز ئەحمەد ڕەزا جەلالی تا کۆتایی مانگی گوڵان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی خۆم لەگەڵ ئەشکەنجەدان و لێپرسینەوە لە وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم حوکمەش وەکوو حوکمەکانی تر، کە لەلایەن دادوەرە ناسەربەخۆکان دراون، به نادادپەروەری دەزانم.
من بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی ئەم حوکمە و ئەشکەنجەی پێش و دوای حوکمەکە، هەوڵی مانگرتن لە خواردنم دا.
هەرچەندە خاتوو ویدا مێهران نیا (هاوسەری بەڕێز جەلالی) نیگەرانی خۆی لەو کردەوەیە دەربری و پێشنیاریشی پێ کردم کە کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنم ، بەڵام، بەو پەری ڕێزەوە بۆ ئەم خاتوونەو ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی جەلالی نەمتوانی پێبەندی ئامۆژگاریی دڵسۆزانەیان بم.
ئێستا کە ئەم وادەیە بەسەرچووە و لێدوانی هەندێک بەرپرسی سیاسی لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی و ئەو نیشانە دڵخۆشکەرانەی کە پێشان دەدات کە حوکمەکەی بەڕێز جەلالی جێبەجێ ناکرێت، منیش کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن دەهێنم و بەئومێدەوە چاوەڕێی هەواڵی ئازادکردنی دەکەم.
هووشەنگ ڕەزایی
زیندانی ڕەجایی شار
ع.س