ئازادی بێهزادی شەهسەواری لە زیندانی ئێران لە نەغەدە

ک.م.م.ک:

لە ڕۆژانی ڕابردوو زیندانی سیاسیی بە ناونیشانی بێهزاد شەهسەواری ناوی باوک میکائیل و خەڵکی گوندی دیزەجی مەرگەوەری سەر بە ورمێ، پاش تەواو کردنی ماوەی سێ ساڵی ئەو حوکمەی بەسەریدا سەپێنرابوو لە زیندانی ئێران لە نەغەدە ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵەکە، ناوبراو لە خاکەلێوەی ٢٧١٩ی کوردییەوە، ماوەی مەحکووم بوونی سێ ساڵەی خۆی لە زیندانی ئێران لە نەغەدە تێدەپەڕاند.

شیاوی باسە بێهزاد شەهسەواری مانگی گوڵانی ٢٧١٨ی کوردی، لە دادگای سەرەتایی، بە بۆنەی هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری دەسەڵاتی ئێران، ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و پاشان تا کاتی دیاری کردنی ماوەی حوکمی دادگای پێداچوونەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
لە کۆتاییدا ئەو حوکمی ٥ ساڵەیەی بۆ سێ ساڵ زیندانی تەعزیری داشکا و لە سەرەتای ٢٧١٩ی کوردییەوە، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێران لە نەغەدە ڕاگوازرا.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ناوبراو بەفرانباری ٢٧١٧ی کوردی، لە گەڵ خزمێکی بە ناونیشانی سیامەند شەهسەوار، کاتی سەفەر کردنی بۆ هەرێمی باشووری کوردستان، لە تێرمیناڵی حاجی ئۆمەران لە سنووری پیرانشار دەستبەسەر و دواتر بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلآعاتی ئێران ڕاگوازرا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *