شەنگاڵ مەترسی ژینۆسایدێکی دیکەی لەسەرە

ک.م.م.ک:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستا وێڕای مەحکووم کردنی بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ دەڤەری شەنگاڵ لە باشووری کوردستان، داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکات بەڵێنەکانی خۆی لەهەمبەر بەردەوامی ئاشتی و ئەمنییەتی هاوڵاتیانی شەنگاڵی ڕەچاو بکات.

دەوڵەتی ناوەندی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٤ شەنگاڵی بە بێ بەرگری بە جێهێشت و بواری داگیرکردنی ئەوێی لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام( داعش) ڕەخساند، داگیرکارییەک لە کوشت و بڕی هەزاران کەس لە کوردانی ئێزدی و کۆیلەکردنی ژنانی لێکەوتەوە، هەنووکەیش بۆ جارێکی تر ئەم ناوچەیە لە کوردستانی بەر هێرش و پەلامار داوە.


هێرشەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ سەر شەنگاڵ لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ خۆی پێک هێناوە و سەرەڕای هەموو ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە لایەن عێراق و تورکیاوە بوونی هەبووە، توانیویانە مێژوویەکی باش لە خۆیان بخەنەڕوو.

هاوکات لە گەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی عێراق، پارتی دێموکڕاتی کوردستان(PDK) و گرووپە لێک نزیکەکانی ئەم پارتە، بە جێی مەحکووم کردنی هێرشەکانی عێراق. خەڵک و خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ، هێزە چەکدارەکان و حیزبەکانیان بەر پەلامار دەدەن و هاوتەریبی داگیرکەرانی کوردستان، حیزبە کوردستانییەکانی دیکە بە تیرۆریست ناوزەد دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی هێرشەکانی دەوڵەتی عێراق، داوا لە حکوومەتی خۆسەری کوردستان(KRG) دەکات، بەرانبەر بەم هێرشە چەکداری و میدیاییەی دژ بە کۆمەڵگای ئێمە لە شەنگال دژکردەوە نیشان بدەن و خوازیاری ڕاوەستانی بن.

هاوکات خوازیاری ڕوونکردنەوە و داوای لێبوورینی پارتی دێموکڕاتی کوردستان. و کەسانی گرێدراوی ئەم حیزبە لە پێناو هێرشی میدیایی بەرانبەر بە هێزە بەرگیریکارەکانی شەنگاڵ بێت و داوا دەکەین کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێی ووتووێژ و بە تەرزێکی دیپلۆماتیک چارەسەر بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *