بانگهێشت کردنی سەلاح ئازادی چالاکوانی یەکێتی مامۆستایان بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلاب

ک.م.م.ک:
دووشەممە 22ی خاکەلێوەی 2722ی کوردی، سەلاح ئازادی چالاکوانی یەکێتی مامۆستایانی شاری مەریوان بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئێران لەو شارە بانگ کرا.

بە گۆرەی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە وتەی کوردپا، داواکاری گشتی و ئینقلابی ئێران لە مەریوان، ئەم چالاکوانەی یەکێتی مامۆستایانی بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و شێواندنی ڕای گشتی و هاوسۆزی لەگەڵ حزبەکانی کوردستان، لە ڕێگای بڵاوکردنی فیلم و وێنە” بانگکراوە.
بە پێی بانگهێشت کردنەکە، ناوبراو دەبێت پێنج ڕۆژ دوای وەرگرتنی ئاگادارییەکە لە داواکاری گشتی و ئینقلاب لە مەریوان ئامادە بێت.

جێی ئاماژەپێدانە کە ئەو هاوڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە 18ی خاکەلێوە بانگی پۆلیسی فەتای ئێران لە مەریوان کراوە و دوای لێپرسینەوە دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە و دۆسیەکەی بۆ لقی یەکی فەرمانگەی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی ئێران لە مەریوان نێردراوە.
ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *