هاوڵاتییەکی خەڵکی شنۆ ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا

ک.م.م.ک:

هاوڵاتییەک بە ناوی مێهران سلێمانپوور خەڵکی گوندی ئالیان سەر بە ناوچەی دەشتی بێڵ ـ ی شاری شنۆ لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ڕێوڕەسمی دادگایی کردنی مێهران سلێمانپوور ڕۆژی یەکشەممە٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ی کوردی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شنۆ بەڕێوە چوو و ناوبراو بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەتی ئێران ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

شیاوی باسە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووزسپەڕی ٢٧٢١ی کوردی، ئەم هاوڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ئازاد کرا.

جێی سرنجە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەری لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری بووە.

جێی بیرهێنانەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیان کوتایە سەر گوندی ئالیان و بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی ناوبراویان لە گەڵ هاوڵاتییەکی دیکە بە ناونیشانی هاشم خۆران دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەمنییەتی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕایان گواستبوون و هاوکات دەستیان دابوویە پشکنینی ماڵی ئەم هاوڵاتیانە و دەستیان بەسەر هەندێ کەلووپەلی تایبەتیاندا گرتبوو.

ق.ش

Leave a Reply

%d bloggers like this: