هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە پیرانشار

ک.م.م.ک:
چوارشەمە 25ی ڕەشەممەی 2721ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پیرانشار بۆ دەستبەسەرکردنی چالاکوانی مافی مرۆڤ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی ڕەحیم خولەفایی کوڕی ڕەحمان و کەلوۆپەلی تایبەتیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە کە دەفتەر و لاپتۆپی تێدابووە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو چالاکوانە؛ هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەوروبەری کاتژمێر 8 ی ئێوارە هێرشیان کردووە سەر ماڵی باوکی ئەو هاوڵاتیی لەشارۆچکەی مەنگوڕی پیرانشار ودوای پشکنین و هەڕەشە و بێڕێزیکردن بەدانیشتووانی ماڵەکە، چەدندین کتێب و دەفتەر و لاپتۆپیان لەگەڵ خۆ بردووە.

سەرچاوەکە گوتی: لێکۆڵینەوە و پشکنینی هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ نواندنی فەرمانی دادوەری بووە و پرسیارن لە بنەماڵەکەی کردووە کە کوڕەکەتان لە کوێ یە؟
جێی ئاماژەیه کە ئەو چالاکوانە مەدەنییە لەکاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا لەماڵەوە نەبووە و لەوکاتەوە چارەنووسی دیارنیە.

سەرچاوەکەی نزیک لەبنەماڵەی خولەفایی ئەوەشی وت: هێزە ئەمنییەکان داوایان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە ئەگەر ڕەحیم سەردانی ماڵ بکات دەستبەجێ خۆی بەئیدارەی ئیتلاعات بناسێنە، ئەگەرنا ئەندامانی بنەماڵە دەستبەسەر دەکرێن.


ڕەحیم خولەفایی لەدایکبووی ساڵی 1984 زایینی، خێزاندار، چوار منداڵی هەیە و ماوەی دوو ساڵە کە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا چالاکە.
ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *