ڕۆژی ژن بیرهێنەرەوەی بەردەوامی ڕەنجی ژنانی کوردستانە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هەشتی ماڕس ڕۆژی ژن لە ژنانی جیهان و بەتایبەت لە ژنانی کوردستان پیرۆز دەکات و خەباتی ژنان لە پێناو ئازادی، مافی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی ئازاد و بایەخمەند لە مافی یەکسان ڕێز لێدەگرێت.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوو شایەتی بەردەوامی پێشێلکاری مافی ژنان، نادادوەری و نایەکسانی بووین و ژنان پتر لە هەر جار بوونەتە قوربانی کۆموڵگای پیاوسالار و سونەتی دژە ژن و سیاسەتگەلی دژە مرۆڤی حکوومەتگەلی دەسەڵاتگر.
هەنووکە ڕێژەیەکی بەرچاو زیندانی سیاسیی، مەدەنی و مافی مرۆڤی ژن لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران ڕاگیراون.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستبەسەری چالاکانی مەدەنی ژن نیشانی دا کە بەردەوامە لە سیاسەتی دژە ژنانەی خۆی و ئامادەی دانپێدانانی پێگەی یەکسان و مافی ئەم توێژە لە کۆمەڵگا نییە.

زەینەب جەلالیان لە زیندانیانی سیاسیی کوردستانە کە پتر لە ١٥ساڵە لە زینداندایە و هەر دەم لەگەڵ گرانترین ئەشکەنجەی بەردەست لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هاوکات زارا محەممەدی و سوهەیلا حیجاب دوو زیندانی دیکەی کوردستانن کە تەنیا بە تۆمەتی فێرکاری و پەروەردەی زمانی دایکی و پارێزەری و چالاکی مەدەنی لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە زیندان مەحکووم کراون.

جێی بیرهێنانەوەیە کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەوامە لە سەر هەڵاواردن و پێشێلکاری مافی ژنان و جەختی لەسەر دەکاتەوە و هیچ گۆڕانێک لە چوارچێوەی باشترکردنی یاساکان نەهانووتە ئاراوە.

کەلتوور و سونەتگەلی دواکەوتوو و کۆمەڵگای پیاوسالار لە هۆکارگەلی دیکە بوون بۆ هەڵاواردن و نکۆڵی لە مافەکانی ژنان و گەشەی پێدراوە. تەنیا لە یەکساڵی ڕابردوو دەیان ژن بە هۆکاری کوشتنی نامووسی کوژراون یان خۆیان کوشتووە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هۆکارانە، ژنانی کوردستان، پەرەیان بەو چالاکیانە داوە کە بە مافی خۆیانیان زانیوەو و بەردەوام بوون لە گۆڕەپانی خەبات بە تەرزێ کە سیاسەتگەلی حکوومەت لە چواچێوەی لاواز کردنی ژنان شکستی هێناوە و ژنان پتر لە هەر کاتێکی دیکە ڕوویان لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی خەبات کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی ژن لە ژنان، داوا لە کۆمەڵگای کوردستان دەکات لە چوارچێوەی ئازادی، یەکسانی و بەرابەری تەواوی کۆمەڵگا هەوڵ بدەن و تێبکۆشن بە خەباتی خۆیان کۆمەڵگایەکی ئازاد و دوور لە هەڵاواردنی ڕەگەزی بنیات بنێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

One thought on “ڕۆژی ژن بیرهێنەرەوەی بەردەوامی ڕەنجی ژنانی کوردستانە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *