سەید محەممەد حسێنی حوکمی ٨ ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرا

ک.م.م.ک:

زیندانی سیاسیی کورد، سەید محەممەد حسێنی خەڵکی شاری نەغەدە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر غوڵامی بە تۆمەتی محاربە حوکمی ٨ ساڵ دوور خستنەوەی بۆ شاری هەرسین لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بە سەردا سەپێنرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، پێشتر ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی محاربە لە ڕێی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ مەحکووم کرابوو.

شیاوی باسە کە ٤٠ ساڵ زیندان لە دوورەوەی زێدی خۆی بە بۆنەی ناتەواوی لێکۆڵینەوە لە دیوانی باڵای وڵات پوچەڵ کرایەوە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە دووبارە بۆ ئەو دادگایەی حوکمەکەی دەرکردبوو نێردرا و ڕێبەندانی ئەمساڵ سەر لە نوێ لە دادگای ئینقلاب دادگایی کرایەوە.

جێی سەرنجە کە، ٢٣ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە مەهاباد دژایەتی نیشان دا بەرانبەر بە ئازادی کاتی ناوبراو تا کۆتایی قۆناغی لێکۆڵینەوەکان.

جێی بیرهێنانەوەیە کە، سەید محەممەد حسێنی پێشتر ئەندامی حیزبێکی کوردی بووە کە پاش گەڕانەوە بۆ ئێران ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٧ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و هەنووکە لە زیندانی ئێران لە نەغەدە ڕاگیراوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *