ک.م.م.ک
یەکشەمە 26ی بەفرانباری 2721ی کوردی، زیندانی سیاسی خالید فەرەیدوونی خەڵکی مەهاباد دوای 21 ساڵ زیندانیکردن لە زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ بۆ مڕەخەسی ناردرا.
نابراو بە تۆمەتی “موحاریبە” و “ئەندامێتی لە یەکێک لە حزبەکانی کوردستانی” لە لایەنەت دادگای بەدەویەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بەڵام لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکە کەمکرایەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
خالید فەرەیدوونی لە ماوەی زیندانیکردنیدا لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە مەهاباد بۆ ورمێ و لە ساڵی 2707دا بۆ زیندانی ڕەجایی شار لە کەرەج دوورخرایەوە.
لە کۆتایدا دوای 10 ساڵ دوورخستن(تبعید) لە ساڵ 2717 کوردیدا دووبارە گەڕایەوە بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ. خالید فەرەیدوونی لە مانگی خەرمانانی 2700 کوردی لە گوندێکی دەورووبەری پیرانشار لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا.
لە هەواڵێکی دیکەدا، ڕۆژی چوارشەممە 29ی بەفرانباری 2721دا، حسەین کەمانگەر، هاوڵاتی کامێرانی، بە دانانی بارمتەی 1 ملیار تمەنی لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە سنە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە کە، کەیسی ناوبراو دوای پێشێلکردنی سزای 15 ساڵ زیندانی ناردراوە بۆ لقی هاوتا و سزای ئازادکردنی کاتییە.
حسێن کەمانگەر لە ڕێکەوتی 7ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنەوە” لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە سنە بە 15 ساڵ زیندانی سزادرا.
پێشووتریش ئەم هاوڵاتییە دوو جار بە تۆمەتی هەمان تۆمەت لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە سنە دەستبەسەرکرا و دوای دادگاییکردنی لە دادگا لە تۆمەتەکە بێتاوان کرا.
ع. س