KMMK :
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی ئیلام “خەدیجە مێهدی پوور” ٣٤ ساڵ تەمەن بۆ چارەسەری پزیشکی و وەرگرتنی چاویلکە و دەرمانی چاو کە زەمەنێکی درێژە تووشی ژانە سەر و خاڵی ڕەش لە چاوەدابووە، گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێران لە شاری ئیلام.
جێی سەرنجە کە ناوبراو بە بۆنەی ئەوەی لە سەردەمی دەستبەسەری لە شوێنی شێدار و تەڕ ڕاگیرابوو، گەدە و گورچیلەکانی هەویان کردووە و ئازاریان هەیە.
خاتوو خەدیجە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی تیرۆریستی ئێرانەوە لە ماڵی مامی دەستبەسەر و پاش دوو ڕۆژ بۆ زیندانی ئێران لە ئیلام گوازرایەوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە خاتوو خەدیجە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات و سووکایەتی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و سووکایەتی بە ڕێبەر و بە پێی مادەی ١٣٤ ی یاسای سزا ئیسلامییەکان ٢٠. مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.
سەرەتا دەیانهەویست تۆمەتی ئەندامەتی حیزبێکی کوردی پێوە بلکێنن بەڵام لەو تۆمەتە پەڕییەوە و هەر وەها دەیانهەویست تۆمەتی شێت و تووشبووی نەخۆشی دەروونی لێبدەن چونکوو ناوبراو ئامادە نەبوو لەوەی کردوویەتی تۆبە بکات بەڵام بە هەڵوێستی خۆی توانی ئەو پلانانە پووچەڵ بکاتەوە.
خاتوو خەدیجە پێشووتریش پێشینەی دەستبەسەر کرانی هەبوو ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دادگای ئینقلابی ئێرانەوە بە سێ ملوێن تمەن غەرامە مەحکووم کرابوو.
ق.ش