سنە؛ گواستنەوەی هاوڵاتییەک بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات

KMMK:

یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی “سیروان قوربانی” خەڵکی گوندی بزوەش سەر بە شاری کامێران دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە ڕاگوازرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاوڵاتییە لە پێوەندییەکی تیلەفۆنی لە گەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە ڕاگوازراوە.

شیاوی باسە کە سیروان قوربانی لە ٢ ی بەفرانباری ئەمساڵ بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و لەم ماوەیە لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هۆکاری دەستبەسەری ناوبراو بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی زیندانی سیاسی کورد حەیدەر قوربانی بووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە سنە ئێعدام کرا، ڕاگەیەندراوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *