KMMK :
دوشەممە 10ی خەزەڵوەری 2721ی کوردی، شارۆمەندێکی بە ناوی
نەوید کۆنەپۆشی و تەمەنی ٣٠ ساڵە و
خەڵکی گوندی رەشەدێی شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران لەو شارە دەسبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکان دوێنێ یەکشەممە هەوڵیانداوە نەوید کۆنەپۆشی چالاکوانی ژینگەپارێزی مەریوان دەستبەسەربکەن، بەڵام ئەو کاتە نەوید لە ماڵ نەبووە و دەسبەسەر نەکراوە.
بە پێی سەرچاوەیەکی باوەر پێکراو، هێزەئەمنیەکان برایەکی ئەو ژینگەپارێزەیان دەستبەسەر کردوە و رایانگەیاندووە، تاوەکو نەوید خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان نەکات، براکەى ئازاد ناکەن.
هەر بە ووتەی ئەو سەرچاوە، نەوید لە دوای ئاگادارکردنەوەى لە هەوڵی دەستبەسەرکردنی دەڕوات بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و دەستبەسەری دەکەن.
نەوید کۆنەپۆش، ئەندامێکی چالاکی ئەنجوومەنی سەوزی چیایە و چەندین ساڵە کاری ژینگەپارێزی دەکات و خۆبەخشانە بەشداریی لە کوژاندنەوەى سەدان ئاگری دارستانەکانی مەریوان و دەورووبەریدا کردووە.
شایانی باسە کە تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ناوبراو کراوە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ع.س