مەترسی دیپۆرت کردنەوەی ژنە چالاکێک لە ئارادایە

KMMK:
بەپێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هانا نەسوور، ژنە چالاکی سیاسی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە دەبێتە خوشکەزایی فەرهاد وەکیلی، چالاکی سیاسی لەسێدارە دراو، مەترسی دیپۆرت کردنەوەی لەسەرە.

هانا نەسوور چالاکوانێکی ژنە کە لە دیسەمبەری سالی 2015 داوای ماڤی پەنابەری سیاسی لە ئیدارەی کۆچ و پەنابەرانی سوئید کردووە. بەڵام ئەم داخوازیە تا ئێستا سێ جار رەت کراوەتەوە، یەکەم جار لە لایەن ئیدارەی کۆچ (migrationsverket) جاری دووەم لە لایەن دادگای ئیدارەی کۆچ (Migrationsverkets domstol) و جاری سێهەم لە لایەن دادگای بالای سوئید (Migrationsverketsöver domstol).


بەپێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هانا نەسوور تەنیا دوو جار دەرفەتی پارێزوانی کردن لە داخوازی مافی پەنابەری سیاسی خۆیی پێدراوە. بەڵام لە دوو دادگای کۆچ و دادگای باڵای سوئید سەرەڕای ئەوەی پارێزەری هەبووە، مافی پارێزوانیان پێنەداوە و هیچ سکاڵایەکی ناوبریان لەبەر چاو نەگرتووە و بێ وەڵامیان هێشتوونەتەوە.

هانا نەسوور لە دایک بووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەتا تەمەنی هەژدە ساڵەیی خۆی لە شاری سنە ژیاوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە باوکی لە کوردانی فەیلی باشووری کوردستانە و ناسنامەی عێراقی هەیە هیچ کات لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە مافی هاوڵاتی بوونی پێ نەدراوە.


ناوبراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانی بواری ژنان بووە و هاوکات لەبەر ئەوە دەبێتە خوشکەزای فەرهاد وەکیلی، بەردەوام خۆی و ماڵباتەکەی لە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی ئێران دا بوون. لە ئاکامدا هانا و ماڵباتەکەی سالی 2011 لەژێر زەخت و گۆشاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو باشووری کوردستان بەجێدەهێڵن.

کاتێک هانا ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان، بەردەوام دەبێت لە کار و چالاکیەکانی لە باشووری کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران. هەر بۆیە دیسان لە لایەن ئاسایشی حکوومەتی هەرێمەوە لە شاری دهۆک دەستپێک و دواتر شاری سلیمانی دەکەونە ژێر چاودێری و کێشەی نیشتەجێبوونیان بۆ درووست دەکرێت.

هەروەها هانا لەوێ بە بۆنەی باوکیەوە مافی هاوڵاتی عێراقی پێ دەبەخشرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتی عێراقی هەبووە بەردەوام لە ژێر چاودێری و زەخت و گوشاری هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی هەرێم دا دەبن و مەترسی بۆ سەر ژیانیان درووست دەبێت. لە کۆتاییدا هانا و ماڵباتەکەی سالی 2015 روو دەکەنە ئەوروپا و دێنە وەڵاتی سوئید.

هانا لە وەڵاتی سوئید سەرەڕای داوایی مافی پەنابەری سیاسی بەردەوام دەبێت لە دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕخنە کردنی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هانا دوایی چەندین ساڵ چاوەڕوانی لە ئاکامدا سێ جار مافی پەنابەریەتی لە لایەن دەوڵەتی سوئیدەوە ڕەت دەکڕێتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە هاوژینی هانا چالاکوانێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەگەڵ هانا داوای مافی پەنابەریان کردووە، ئیدارەی کۆچی سوئید بە هاوژینەکەی هانا، مافی نیشتەجێبوونی بە مەرجی بەخشیوە بەڵام ئەم مافەشەیان لە هانا زەوت کردووە.


ئیدارەی کۆچی سوئید هەوڵی ئەوە دەدات، ناوبراو بۆ باشووری کوردستان بەڕێ کاتەوە، لە کاتێکدا لەوێ ژیانی لە مەترسی دەکەوێت.


ج.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *