گواستنەوەی مۆژگان کاووسی لە بەندیخابەی کەچوئی کەرەج بۆ بەندیخانەی ئەوین

KMMK:
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چوار شەممە ٢١ی رەزبەری ٢٧٢١ی کوردی، بەندکراوی سیاسی مۆژگان کاووسی کچی ئەکبەر، لە بەندیخانەی کەچوئی کەرەج بۆ بەندیخانەی ئەوین گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، مۆژگان کاووسی لە بڕواری ١٤ی رەزبەر لە بەندیخانەی ئەوین بۆ گرتوخانەی ھێزی ئینتیزامی کەرەج و لە بڕواری ١٧ی رەزبەر بۆ بەندیخانەی کەچوئی کەرەج گوازرابویەوە.

بەشی ٢٨ی دادگەی پێداچونەوەی ۆارێزگای مازەندەران بە سەرۆکایەتی دادوەر عەشق عەلی قاسمیان و مۆستەشاری ساسان خاجە خەسان لە بڕواری ٤ی رەزبەری ئەمساڵ بڕیار درا بە مەبەستی بەسەر بردنی ئەو بڕە ماوەیەی کە لە سزای بەندکردنی ماوەتەوە بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبورز بگوازرێتەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو، خاتون کاووسی پێشتر بە ھۆی دۆخی کرۆنا و گێشەی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی داوای گواستنەوەی بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی نزیک لە شوێنی ژیانی خۆی کردبوو.
لە بڕواری ٢٢ی پوشپەڕی ئەمساڵ بەرپرسانی بەندیخانەی ئەوین بەبێ ئاگادار کردنەوە ناوبراویان بۆ نەوشەھر گواستەوە و پاش شەوێک مانەوەی بە بێ ئاکام دیسانەوە بۆ تاران گەڕێندرابویەوە. ناوبراو ھەروەھا بە ھۆی نالەبار بونی دۆخی تەندروستی بە ھۆی ڤایرۆسی کرۆناوە لە بڕواری ٣٠ی مانگی پوشپەڕ لە بەندیخانەی ئەوین پشوی وەرگرت و بە مەبەستی چارەسەری ھاتەدەرەوە و پاش تێپەڕبونی کاتی پشوو لە بڕواری ٢٠ی جۆزەردان بۆ بەندیخانەی ئەوین گەڕێندرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، خاتون کاووسی لە قۆناغی سەرەتایی لەلایەن دادگەی ئینقیلابی نەوشەھرەوە بە تۆمەتی« چالاکی پڕوپاگاندا دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران» سزای شەش مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی« ئەندام بوون لە گروپی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران» ٣٣ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی« ھەڵخڕاندنی خەڵک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگری وڵات» سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو لە قۆناغی پێداچونەوە و لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕینی داواکاری گشتی سزاکەی بۆ درێژ کرایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسیە بە تۆمەتی « چالاکی پڕوپاگاندا دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران» سزای ٧ مانگ و ١٥ رۆژ بەندکردن و بە تۆمەتی« ھەڵخڕاندنی خەڵک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگری وڵات» ٣٦ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی« ئەندام بون لە گروپی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران» ٣٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا. بە لەبەرچاو گرتنی بەشی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، زۆرینەی سزای لەسەر تۆمەتی « ھەڵخڕاندنی خەڵک بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگری وڵات» و ٣٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو لەئاکامدا لە بڕواری ٣٠ی گوڵان بەمەبەستی بەسەر بردنی سزاکە دەستبەسەر و بۆ بەشی ژنانی بەندیخانەی ئەوین گوازرایەوە.

مۆژگان کاووسی، لێکۆڵەر، وەرگێڕ و بڕوامەند بە ئایینی یارسانە. کتێبی« ئەنفار و بەسەرھاتی تەیمور، تاکە بەجێماو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ژنان و منداڵان» لە ساڵی ٢٧١٩ی کوردی کە مۆژگان کاووسی وەریگێڕبوو لە چاپخانەی تەوەکولی تاران چاپ کراوە.

س.ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *