حوکمی محەممەد مرادی لە دیوانی باڵای وڵات پووچەڵ کرایەوە

KMMK:

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دیوانی باڵای وڵاتی ئێران حوکمی زیندانی سیاسی کوردی”محەممەد مرادی” 35 ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی” قەبر حسێن” سەر بە شاری پیرانشاری بە هۆی کەمووکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان پووچەڵ کردەو و دۆسیەی ناوبراوی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە بۆ دادگای بڕیاردەر گەڕاندەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، دادگای حکوومەتی ئێران لە مەهاباد ئەم هاوڵاتییەی بە تۆمەتی” محاربە” لە ڕێی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی بە 40 ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ زیندانی حکوومەت لە ورمێ مەحکووم و ڕۆژی 24ی گوڵان، بۆ بەشی جێبەجێکاری زیندانی حکوومەت لە شاری نەغەدە بانگهێشت و ئەم حوکمە بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندرابوو.

شیاوی باسە، محەممەد مرادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوە و لە ساڵی 2717ی کوردی، پاش جوێ بوونەوە لە حیزب، لە ڕێی سنوور کێلەی سەردەشت بۆ ئێران گەڕایەوە و پاشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سپای پاسدارانی تیرۆریستی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئەمنییەتی ئەو دامەزراوە ئەمنییە لە ورمێ بۆ زیندانی حکوومەت لەنەغەدە ڕاگوازرا و هەنووکە لەوێ ڕاگیراوە.

شیاوی باسە، لە ڕێکەوتی 21ی ڕەزبەری 2719ی کوردی، دوو برای محەممەد مرادی بە ناوەکانی”عەبدولڕحمان و سادق مرادی” لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری کۆترانی شاری پیرانشار گیانی خۆیان لە دەست دا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *