KMMK
پێنجشەممە 8ی ڕەزبەری 2721ی کوردی، ماشاڵا سەبزی سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی پێویست و تەنیا لەبەر ئەنجامدانی مەراسیمی قەسامە لە مژاری تۆمەتی کوشتن، لە زیندانی دیزێلاوا لەسێدارەدرا.
ناوبراو ساڵی 2710ی کوردی بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی 45 ڕۆژ لە بنکەکانی دەستبەسەرکردنی هێزەکانی ئینتزامی لێپرسینەوەی لێکراوە و لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوەدا تۆمەتەکەی ڕەتی کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتووە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ، چەندین جار لێی دراوە و تووشی ئەشکەنجە بووە.
دادوەری دۆسیەکە بە هۆی نەبوونی بەڵگە و هۆکاری پێویست بابەتەکەی بە ناگرینگ ناساندووە و دانیشتنی دادگا بە مەبەستی ئەنجامدانی قەسامە نوێ کردەوە.
ئەو هاوڵاتییە دوای قەسامە و سوێندخواردنی 50 کەس لەمەر ئەنجامدانی تاوانی کوشتن لەلایەن دادگاوە بە قەساس سزادرا.
بەپێی ماڵپەڕی هەرانا، پێشتر ماشاڵا سەبزی لە فایلێکی دەنگیدا کە لە سۆشیال مێدیا دا بڵاوبووەوە، لەبارەی کەیسەکەیەوە ڕایگەیاندبوو: لەسەرەتای دۆسیەکەوە لەڕێگەی پارێزەری سکاڵاکانەوە کە دادوەرێکی خانەنشینکراوی قەزاییە، سیناریۆی بۆ ساز کراوە و دوو کەسیان ڕاسپاردووە کە لەسەر ناوبراو شەهادەت بدەن.
دوایی سوێندی درۆیی ئەو دوو کەسە دەرکەوتووە و یەکێک لەو کەسانە سزاش دراوە.
جێی باسە کە ساڵانە دەیان هاوڵاتی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە و لەسێدارە دەدرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان سزای لە سێدارەدان هەڵوەشاوەتەوە و لە سزای تر کەڵک وەردەگرن.
ع.س