هێرشی چەکداری ئێران بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان ئیدانە دەکەین

کۆمەڵێک لە ناوەندە ماف مرۆڤییەکانی کوردستان بە دەرکردنی لێدوانێک ئیدانەی هێرشی چەکداری حکومەتی ئێران بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان دەکەن و داوای کۆتایی ھێنانی ئەو شەڕخوازیەی حکومەتی ئێران دەکەن.

ناوەڕۆکی لێدوانی سێ ڕێکخراوەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە شێوەی خوارەوەی:

هەروەک ئاگادارن لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو (٩،١٠ و ١١ ی سێپتامبری ٢٠٢١) دڕۆنە بۆمب ڕێژکراو و تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، بە چڕی ناوچە سنوورییەکانیی باشووری کوردستان لەوانە «سیدەکان، بەربزین، چۆمان و بەرزاییەکانی ناوچەی سنووری حاجی ئۆمەران»ی بە بیانووی هەبوونی مەقەڕ و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆردمان کرد. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا زیانی ماڵی و ژینگەیی بە ناوچەکە و خەڵکی نیشتەجێی ئەو سنوورانە گەیاند و بوو بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو «محەممەد پاکپوور» فەرماندەی هێزی زەوینی سپای پاسداران هەڕەشەی لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی دانیشتووی دەوروپشتی بارەگاکانی ئەوان کرد، ئەگەرچی ئەمە جاری یەکەم نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش دەکاتە سەر چالاکانی سیاسی و ئوپوزیسیۆنی ئەو حکوومەتە و هەڕەشەیان لێ دەکات. ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەماوە بە بیانووی هەبوونی حیزبە کوردستانییەکان، هێرش دەکەنە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەم هێرشانە زیانی گیانی و ماڵی لە ڕادەبەدەری لێدەکەوێتەوە.
هەر بۆیە، ئێمە ڕێکخراوەکانی چالاک لە بواری مافی مرۆڤ لە کوردستان، هێرشی سەربازی و چەکداری بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و هەروەها بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگای جیهانی لە بەرامبەر ئەم جۆرە کردەوانەدا بە تووندی مەحکووم دەکەین و وێڕای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خوازیاری کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر چالاکانی سیاسی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانین. هەروەها لەو بڕوایە داین کە چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای تیرۆر، ئیعدام، دەستبەسەرکردن، هێرشی نیزامی و هەڕەشەکردن چارەسەر نابێت و دانپێدانان بە خواستی نەتەوەی کورد و پێدانی مافی ڕەوا، یاسایی و سرووشتی کورد و چارەسەری ئاشتیانەی پرسیی کورد تەنیا ڕێگایەکە کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە درووست دەکات.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

١٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *