KMMK:
پێنجشەممت 18ی خەرمانانی 2721ی کوردی، حەمید ڕەزا یارئەحمەدی پەنابەری لوڕ زمانی نیشتەجێی ئەڵمانیا کە ماوەی حەوت مانگە داوای پەنابەری لە ئەڵمانیا کردووە، مەترسی دیپۆڕت کردنەوەی بۆ کڕۆواسی لەسەرە.
بە پێی هەواڵەکە و بە گوێرەی سەرچاوەیەکی نێزیک لەم پەنابەرەوە، سێ شەوی بەرێ هێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا بە مەبەستی دیپۆڕت کردنەوە، سەردانی “هایم” واتە شوێنی نیشتەجێ بوونی حەمید ڕەزا یارئەحمەدیان کردووە. ئەم هاوڵاتییە بە بۆنەی ناڕەزامەندی زۆر و ترس لە دیپۆڕت کردنەوە ناچار بوە پەلاماری خۆی بدات و ناوبراو کە هەنووکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن، لە کەمپی دیپۆڕتییەکان ڕاگیراوە.
حەمید ڕەزا یارئەحمەدی پێشتر لە دارستانەکانی کرۆواسی لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە.
پۆلیسی کرۆواسی لە ڕێی زۆرەوە پەنجە مۆریان لێ وەرگرتووە و پاش دەستبەسەرداگرتنی پارە و موبایلەکەی دیپۆرتی وڵاتی بوسنی کرابوویەوە.
ق.ش