بە هۆیی سیاسەتی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوڵاتییەک زێدی خۆی جێهێشت

KMMK:

لە سەرەتای ئەم حەوتوویە چالاک و هەڵسوڕاوێکی سیاسی بە ناونیشانی “ئاوات محەممەد عەلی” نیشتەجێی باشووری کوردستان لە ترسی هەڕەشەی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران نیشتمان و زێدی خۆی بەجێهێشت و ڕێگەی هەندەرانی گرتەبەر.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو ماوەی چەندد ساڵ بوو لە گەڵ بێهروز(ڕێبین ) ڕەحیمی چالاکی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕێکەوتی 23ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە شوێنی کارەکەی لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا لە کومپانیایەک پێکەوە کاریان دەکرد هاوکات چالاکی سیاسی بوون و بەردەوام هەڕەشە و هەوڵی تیرۆریان درابوو کە لەو هێرشەدا، ئاوات محەممەد عەلی لە مردن ڕزگاری دەبێ و لەو دەمەوە لە ترسی بەردەوامی هێرشەکان ناچێتەوە سەر کارەکەی و لە دوای ئەوەی ئاگادار دەکرێتەوە کە تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی دیسانەوە هەوڵی کوشتنی دەدەن و ناوی لە لیستەی تیرۆری ئەواندایە و هەر لەو ماوەیەدا چالاکێکی دیکە لە هەولێر بە ناونیشانی” مووسا باباخانی” تیرۆر کرا، ناوبراو ناچار بوو کوردستان بەجێ بهێڵێ و لە گەڵ بنەماڵەکەی پەڕیوەی هەندەران ببێت.

جێی بیرهێنانەوەیە ئاوات محەممەد عەلی باوکی خەڵکی شاری سنەیە و دایکی خەڵکی مەریوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەپێی تێکەڵاوی بنەماڵەکەی بە کاروباری سیاسییەوە، پێش دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ دەهێڵن و لە شاری پێنجوێن سنووری نابەری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەگیرسێنەوە و تا ئەم دواییانەیش کە هەڕەشەی کۆماری ئیسلامییان دێتە سەر هەر لەوێ دەمێننەوە و پاشان دەربازی شاری سلێمانی دەبن و درێژە بە خەبات و چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن.

شیاوی باسە زۆرینەی چالاکانی سیاسی ئوپوزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەترسی تیرۆری ئەو دەسەڵاتەدان و ساڵانە چەندد کەسیان لێ تیرۆر دەکرێ و بەبۆنەی ناسەقامگیری باشووری کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو چەشنە دەستێوەردانێکی سیاسی و چەکداری دەکات.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *