بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەر تیرۆری حکومەتی تورکیا ئیدانە ئەکەین

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی حکومەتی تورک دەکات بۆ سەر شەنگال لە هەرێمی کوردستانی عێراق و کوشتنی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە و داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەکات، تێرۆری دەولەتی حکومەتی تورکیا ڕابگرن.
لە دواین پێشێلکارییە مافی مرۆڤی، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لەلایەن حکومەتی تورکەوە بەرامبەر بە گەلی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق، فڕۆکە جەنگییەکانی حکومەتی تورک ڕۆژی سێشەممە 17ی گەلاوێژی 2721 کوردی، بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێک لەبازاڕی شەنگال، سەعید حەسەن و عیسا خودادادی لە هێزەکانی ئاسایشی ئەم ناوچەیان تیرۆرکرد و سێ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی گەلاوێژ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورک، نەخۆشخانەیان لە گوندی ساکینە شەنگال کردە ئامانج. لە هێرشە ئاسمانیەکەدا لانی کەم 14 کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون ولە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی سوپای تورک نەخۆشخانەکە بەتەواوی رووخاوە.
جێی ئاماژەیە کە، ئەو کەسانەی کە هەوڵی ڕزگارکردنی بریندارەکانیان دەدا، جارێکی دیکە بوون بە ئامانجی هێرشی ئاسمانی سوپای تورکیا.
ئەم کردەوانەی حکومەتی تورکیا نموونەی ئاشکرای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگن، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە لە بەرامبەر ئەو تاوانانە بێدەنگن و حکومەتی تورکیاش ڕۆژانە زیاتر و توندتر هەولی ڕەشەکوژیی هاوڵاتییانی کورد ئەدات.
پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان بۆ سەلامەتی هاوڵاتیانی کۆردی ناوچەی شەنگال جێبەجێ بکەن و بەرگری لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن و ڕێگری بکەن لە بەردەوامی سیاسەتی تیرۆر و کۆمەڵکوژی حکومەتی تورک بەرامبەر بە گەلی کوردستان.
شایانی باسە کە حکومەتی تورک لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) و هەرێمی فیدرالی کوردستانی عێراق ڕۆژانە هەولی کوشتنی هاوڵاتییانی کورد ئەدات و سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەرامبەر بەم گەلە بەڕێوە دەبات.
بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و هەموو دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرپرس، لەو تاوانانە بێدەنگن و زۆرجاریش یارمەتی حکومەتی تورکیایان داون بۆ بەردەوامبوون لەو تاوانانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە توندی ئیدانەی تاوانەکانی حکومەتی تورک دەکات دژی کورد و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر پارێزگاری کردن لە مافی گەلی ئێزدی جێبەجێ بکەن و تیرۆریزمی دەولەتی تورک ڕابگرن.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان

18 گەلاوێژی 2721

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *