دوو بەندکراو لە بەندیخانەی دیزڵ ئاباد لەسێدارە دران

KMMK:

دوو شەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی، دوو بەندکراو کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کرماشان، لەسێدارە دران.

بە پێی زانیاری گەیشتوو، سزای لەسێدارە دانی ئەم دوو کەسە بە شێوەی نەھێنی بەڕێوە چووە و مەسعود ئەسفەندیاری ٣٥ ساڵان کە دوو مانگ لەوەو پێش بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی دیزڵ ئاباد سزاکەی بەڕێوە چووە.

ناوبراو بڕی ١٣ ساڵ پێش دەزگیرانداری خۆی کە کچی مامی بووە کوشتووە و بنەماڵەی کوژراوەکە لە بکوژەکە خۆش نەبوون و بە پێدانی بڕی نیوەی خوێنی مرۆڤێک کە دەکاتە ١٦٠ ملوێن تمەن داوای کوشتنەوەی ناوبراویان کردوە.

ھەروەھا سەرەتای مانگی پوشپەڕی ئەمساڵ بەندکراوێکی تر بە تۆمەتی کوشتن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەم بەندیخانەیە لەسێدارە دراوە. ناسناوی ئەم بەندکراوە، ئەفشار مینایی و خەڵکی شاری پاوە راگەیەندراوە.

س.ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *