دکتۆر موحەمەد قەدەمی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

KMMK:
شەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی، دکتور موحەمەد قەدەمی چالاکی سیاسی خەڵکی شاری بانە، پاش ئامادە بوون لە بەشی ٣ی دادیاری دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بانە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە لایەن دکتۆر موحەمەد قەدەمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو کراوەتەوە، ناوبراو ھەموو ئەو تۆمەتانەی کە پاڵ نراوە پێیەوە رەت دەکاتەوە و راشدەگەیەنێت کە: دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بانە شایەنی بەڕێوە بردنی دۆسیەی ناوبراو نیە و ئەو دۆسیەیە دەبێت لە شاری تاران لێی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە KMMK، ناوەندی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران دادوی لە دکتۆر موحەمەد قەدەمی کردبوو تا سەرلەبەیانی رۆژی ١٦ی خەرمانان لە بەشی ٣ی دادیاری ئێران لەو شارە بە دادوەر« نادێر سەعادەتی ئاجۆرلو» خۆی بناسێنێت.

جێگای ئاماژەیە کە، ئەم چالاکە سیاسیە تۆمەتی« بێڕێزی بە رەھبەری ئێران و پڕووپاگاندا و تێدانی ھزری گشتی» پێوە پاڵ نراوە.

جێگای بیر ھێنانەوەیە کە، ناوبراو پێشتر لە رێکەوتی ٢ی گوڵانی ئەمساڵ بۆ بەشی ١ی دادگەی ئینقیلابی ئێران لە شاری بانە لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتیی« پڕوپاگاندا و تێکدانی ھزری گشتی» بانگھێشت کرابوو.

ئەم دۆسیەیە لەسەر تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن دادستانی ئێران لەو شارە کراوەتەوە. جێگای بیر ھێننەوەیە کە ناوبراو خۆی بۆ سەرۆک کۆماری ئێران جۆی پاڵاوتبوو و بەڵام بە ھۆی کورد بوون و ھەروەھا سونە بوون، تەنانەت رێگای پێ نەدرابوو بڕواتە نێو بینای وەزارەتی ئێران و ناوی خۆی بنوسێت.

س.ر

Leave a Reply

%d bloggers like this: