دەستبەسەر کردنی هاوڵاتییەک لە پیرانشار و گواستنەوەی سێ کەسی تر بۆ بەندیخانەی سەقز

KMMK:
شەممە ٢٦ی پوشپەڕی ٢٧٢١ی کوردی، یاسر مەنگوڕی، خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراوە.

سەرەڕای بەدواداچونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تاکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵە، لە ھۆکاری دەستەسەر کردن و شوێن و دۆخی ناوبراو زانیاریەک بەر دەست نەکەوتوە.
شایانی وتنەکە ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی «ھاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران» لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ھەروەھا لە راپۆرتێکی تر ھاتووە کە لە بڕواری ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، سێ چالاکی سیاسی بە ناوەکانی «ئارمیا رەنجبەری، ھیوا ئەمینی و وریا ئەمینی» خەڵکی شاری سەقز بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنیان بۆ ھەریەکەو ٤ مانگ و ١٠ رۆژە رادەستی بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوشارە کراون.

ئەم هاوڵاتیانە، چوار شەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سەقز دەستبەسەر کرابوون و پاشان بۆ گرتوخانەی ناوەندی ئێران لە شاری سنە گوازرابونەوە.

جێگای ئاماژەیەکە ئەو بەندکراونە بە دانابی بارمتەی ٥٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون و لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ئەوساڵە بە تۆمەتی «پڕوپاگاندا دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران» لە دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز خرانە پێش دادگا.

لە بڕواری ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٠، ھەریەکەو سزای ١٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا و وریا ئەمینی بەو تۆمەتە ٨ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەم سێ شارۆمەندە، لە سەرەتاکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە دادگەی پێداچوونەوە دا ھەریەکە و بۆ ٤ مانگ و ١٠ رۆژ کەم کرایەوە و باقی حوکمی زیندانیان بۆ ۱۵ ساڵ مەرجدار کراوە.

س.ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *