KMMK:
سێشەمە ۸ی پوشپەڕی ۲۷۲۱ی کوردی، دوو گیراوی سیاسیی بە ناوەکانی یەقووب محەممەدی و کەیوان مامەگوڵە، دوایی کۆتایی هاتنی ماوەی حوکمی زیندانەکەیان، لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەهاباد ئازاد کران.
ئەو دوو گیراوە سیاسیە، ٦ی ڕەزبەری ۲۷۱۷ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ئێران دەسبەسەر کران و پاشان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری ورمێ کرابوون.
ئەو دوو زیندانییە سیاسیەی خەڵکی “گوێکتەپە”، پاش دوایی لێپرسینەوە (بازجویی) و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا رۆژی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.
جێی ئاماژەیە کە یەقووب محەممەدی و کەیوان مامەگوڵە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی “غوڵامی” بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” هەر کامەیان بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.
ج.ع