KMMK:
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوڵاتییەک بەناوی ڕەحمان ئەحمەدیان لە شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەرکراوە و پاش چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن، لە یەکێک لە زیندانییەکانی هێزە ئەمنییەکان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.
ڕەحمان ئەحمەدیان، تەمەن 38 ساڵان، کوڕی نەریمان و خەڵکی گوندی سیر حەیدەرلوی سەربە شاری ورمێیە.
ناوبراو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و تەرمەکەی یەکشەممە 27ی پووشپەڕی 2721ی کوردی ڕادەستی مالباتەکەی کراوەتەوە.
هێزە ئەمنی و هەواڵگریەکانی ئێران هەڕەشەیان لە مالباتی ڕەحمان ئەحمەدیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندون کە مافی قسەکردنیان لەگەڵ هیچ میدیایەک نییە و منداڵەکانیان لە زینداندا خۆی کوشتووە.
بەرپرسیارەتی کوشتنی ئەو زیندانییە لە گرتوخانەدا لە ئەستوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و دووبارەبوونەوەی زنجیرەیی کوشتنی زیندانییەکان لە ژێر ئەشکەنجە دایە.
پێویستی بە بیرهێنانەوەیە کە تا ئێستا بە دەیان زیندانی لە کاتی لێپرسینەوە و لە ژێر ئەشکەنجەدانی رێکخراوەکانی ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیی حکومەتی ئێران گیانیان لەدەست داون.
ع. س