مەترسی لە سێدارە دانی سێ کەس، یەکێک لەوان منداڵە

KMMK:

شەمە 12 پووشپەڕی 2721 ـی کوردی سێ بەندکراوی کورد رۆژهەڵات بە ناوگەلی “بەهادین قاسم زادە، داوود قاسم زادە و ئەنوەر عەبدوڵاهی” بۆ جێبەجێ کردنی سزای سێدارە، رەوانەی ژوورەتاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لەورمێ کران.

ئەم سێ کەسە بە تاوانی کوشتن سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوەو ئەم ماوە لە زیندان راگیراون. جێگای ئاماژەیە، بەهادین قاسم زادە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکە تەنها 17 ساڵ تەمەنی هەبووە.

بە پێی راپۆرتەکە، ئەنوەر عەبدوڵاهی، خەڵکی مەهابادەو بە تاوانی کوشتن سزای قەساس (کوشتنەوە) ـی بەسەردا سەپاوە.

بەهادین و داوود قاسم زادە ـش خەڵکی سەڵماس و بە تاوانی کوشتنی دووکەس لە تێکهەڵچوونێکی خێڵەکی بە سێدارە سزا دراون. بەهادین قاسم زادە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکە 17 ساڵی تەمەن بووە و هەر ئەو رۆژەی دانیشتنی دادگا دانی بە کوشتنی هەردووکەسە کوژراوەکەدا ناوەو دواتر هەڵدێت و پەنا بۆ باشووری کوردستان دەبات.

هێزە ئەمنییەکان دواتر دایک، براو خوشکێکی ناوبراو دەستبەسەر و زیندانی دەکەن و رایدەگەیەنن لە بری خۆ بەدەستەوەدانی بەهادین، ئەوا ئەندامانی بنەماڵەکەی ئازاد دەکرێن.ناوبراو دای مانگێک خۆی رادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، داوود قاسم زادە بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانی زۆرەوە لە بڕبڕەی پشت و دەماری جووڵەی تووشی شکان و خەساری جدی بووە.

م.ە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *