KMMK:
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوو بەندکراو بە ناوگەلی میکائیل موعینی و ئازاد سەعیدی لە مانگرتن لە خواردن دان و زیندانییەکی دیکە بە ناو واحد عەلی نژاد بۆ گرتووخانە راگواستراوە.
بە پێی راپۆرتەکە، میکائیل موعینی لە رێکەوتی 26 گوڵانی ئەمساڵ بەنیشانەی ناڕەزایی دەربڕین هەمبەر بە زۆر کردنی رێژەی بارمتەی بۆ پشووی دەرەوەی زیندان دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و بەهۆی ئەوەی داواکاریەکەی جێ بەجێ نەکراوە هەنووکەش مانگرتنەکەی درێژەی هەیە، ناوبرا دوای 18 رۆژ لە مانگرتنەکەی بەهۆی دابەزینی زەختی خوێنەوە راگوێزی بیهداری زیندان کراو لەوێ نەیهێشتبوو سرۆمی بۆ هەڵواسن و گەڕێندرایەوە بۆ ناو زیندان.
ناوبراو ساڵی رابردوو بە بارمتەی 150 ملوێن تمەنی نێردرابووە دەروە لە زیندان بەڵام دووبارە بە حوکمی داواکاری گشتی دادگای حکوومەتی ئێران لە بۆکان بارمتەکەی بۆ 300 ملوێن زیادی کرد و جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا.
جێگای ئاماژیە ئەم بەند کراوە بە تۆمەتی پەیوەندی دار بە مادە هۆشبەرەکانەوە 5 ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە.
هەروەها، واحد عەلی نژاد زیندانی سیاسی خەڵکی شنۆ، لە زیندانی ئێرانی شاری نەغەدە راگوێزی زیندانی ئەو حکوومەتە لە شنۆ کرا.
ناوبراو لە خەرمانانی ساڵی 2720ی کوردی بۆتێپەراندی حوکمی 6 ساڵ زیندانی تەعزیری، دەستبەسەر و راگوێزی گرتووخانە کرا.
ئەم بەند کراوە سیاسییە لە هاوینی ساڵی 2718 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێراەوە گیرا و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو لە بەفرانباری 2719 لە لایەن لقی 6ی دادگای ئینقلابی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاریکاری حزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە 6 ساڵ زیندان سزا دراو لە کۆتاییدا لە خەرمانانی 2720 بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی راگوێزی زیندان کرا.
م.ه