ده‌سبه‌سه‌ر كردنی مامۆستایەكی زانكۆ بە ناوی “رەحیم حسێنی” له‌ شاری بۆكان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان:هێزە ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامی لە شاری بۆكان هەڵیانكوتایە ماڵی مامۆستایەكی زانكۆ بە ناوی “رەحیم حسێنی” و دوای پشكنین ماڵەكەی و زەوت كردنی كۆمەڵێك لە كەلوپەلە شەخسیەكانی، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتیان گواستەوە و لێپرسینەوەیان لە گەڵ كرد.

بە گوێرەی هەواڵەکە رۆژی چوارشەممە، ١٣ گەلاوێژ، هێزە ئەمنیەتیەكانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانكوتایە سەر ماڵی رەحیم حسێنی شارۆمەندی كوردی خەڵكی شاری بۆكان و مامۆستا لە زانستگای پەیام نووری مەهاباد و دوای پشكنینی ماڵەكەی و زەوت كردنی هەندێك لە كتێب و كەلوپەلە شەخسیەكانی ناوبراویان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان گواستەوە و لێپرسینەوەیان لە گەڵ كرد.

سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵی ئەم شارۆمەندە كوردە راگەیاند: رۆژی چوارشەممە، كاتژمێر ٤ی ئێوارە هێزە لیباس شەخسیەكانی كۆماری ئیسلامی بە بێ هیچ هۆكارێك هەڵیانكوتایە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە كوردە و دەستیان بە سەر كۆمەڵێك لە كتێب و كەلوپەلە شەخسیەكانی دا گرت.

شایەنی باسە، ماوەی چەند رۆژێكە هێزە ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامی بە بیانووی جۆراوجۆر و بێ وەرگرتنی مۆڵەت هەڵدەكوتنە سەر ماڵێ شارۆمەندان لە شاری بۆكان و ئەزیەت و ئازاریان دەدەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان