گەنجێکی رۆژھەڵاتی لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر خۆی سووتاند

KMMK:
سێشەممە 28ی گۆڵانی 2721ی کوردی، پەنابەرێکی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و خۆی سووتاند.
لە ویدیۆیک کە لەسەر ئەو گەنجە بڵاو کراوەتەوە، دەردەکەوێت کە ناوبراو بە نیشانەی نارەزایی دەربڕین لەبەردەم بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر مانی گرتووە و داوای چالاک کردنی کەیسی پەنابەرێەکەی دەکات و باسی ڕەوشی خراپی خۆی و پەنابەران لە باشووری کوردستان دەکات.
جێی ئاماژەیە کە دوایی ئەوەی ئەو گەنجە خۆی دەسووتێنێت، کەس لە فریای نایەت و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا چاو لە سووتانی ئەو پەنابەرە رۆژھەڵاتیە دەکەن.
ئەو رۆژنامەنووس و مێدیاکارانەش بەو پەری بێ هەڵوێستی تەنیا چاولێکەری ئەو کارەساتەن و هیچ هەوڵێک نادەن کە پێشگیری لە خۆسووتاندنی ئەو گەنجە بکەن.
جێی ئاماژەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر بابەتەکە نەبووە و هەر وەک چۆن تا ئێستا لە هەمبەر کەیسی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردوە، لەهەمبەر ئەو کارەساتەش بێ هەڵوێست بووە.
بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رێژەیەکی بەرچاوی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان ئێستاکە لە باشووری کوردستان دەمێننەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ هەوڵی نەداوە کە ئەوان بۆ وڵاتی سێهەم بگوێزێتەوە و نەهامەتیەکانی ژیانی ئەوان چارەسەر بکات.
زۆربەی ئەو پەنابەرانە کەسانی سیاسی و ئەندامی حیزبە کوردستانیەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانن کە هەڕەشەی تیرۆر و ڕفاندنیان لەسەرە و دەبا تا ئێستا دەربازی وڵاتێکی ئەمن کرابان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *