سەلاحەدین دەمیرتاش لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە بە بارمتە گیراوە

KMMK:

حکوومەتی تورکیا لە هەوڵدایە بە درێژکردنەوەی دەستبەسەری سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتگەلی دژە کوردی خۆی درێژە پێبدات و بە بارمتە گرتنی ئەم ڕێبەره سیاسییەی کورد، گەلی کورد و بزوتنەوەی کوردستان بخاتە سەخڵەتی و گوشارەوە.

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان، بڕیارە سەلاحەدین دەمیرتاش یەکەم ڕێوڕەسم دادگایی سەبارەت بە دۆسیەی ڕووداوەکانی کۆبانی، ڕۆژی دووشەممە 26ی مەی لە لایەن 22 دادگای ئەنقەرەوە بەڕێوە بچێ.

هەر لەم پێوەندییەدا پتر لە هەزار پارێزەریش ئامادەبوونی خۆیان بۆ پارێزوانی و بەرگری لە دەمیرتاش خستۆتەڕوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە، لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەدا، سەرۆکایەتی پێشووی پارتی دێموکڕاتیکی گەلان((HDP) سەلاحەدین دەمیرتاش، 108 بەرپرس و نوێنەری پەڕلەمان و نێزیک بە 700 ئەندام HDP محاکمە دەکرێن کە بە پشتیوانی لە PKK تۆمەتبار کراون.

بڕیار وایە لەم ڕێوڕەسمەی دادگا لێژنەیەکی بیانی، لە پارتی سوسیال دێموکراتی سوید، پارتی دێموکراتیکی ئیتاڵی، پارتی یەکێتی ناوچەکان و خەڵکی فەڕەنسی، بلووکی نەتەوەیی گالیسیا، پارتی مەرا25ی یۆنان، پارتی چەپی لەهستان، پارتی چەپی فەڕەنسی، پارتی کۆماریخوازی چەپی کاتالۆنیا، پارتی یەکێتی خەڵکی کاتالۆنیا، پارتی یەکێتی باسک وەکوو چاودێر ئامادە ببن.

لە لایەکی دیکەوە، جگە لە پارێزەرەکانی ئەو دۆسیەیە، هەزار و 200 پارێزەر لە باکووری کوردستان و تورکیا ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگری لە دەمیرتاش و پارتی دێموکڕاتیکی گەلان لەم دۆسیەیە نیشان داوە.

شیاوی باسە کە 20ی مەی 2016ی زاینیی دادستانی تورکیا ئەرکداربوونی قەزایی پتر لە 150 کەس لە نوێنەرانی پەڕلەمانی تورکیا کە زۆربەیان لە پارتی دێموکڕاتی گەلان بوونی پووچەڵ کردەوە، ئەم هەوڵە لە سەر داوا و پەسندکردنی ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا جێبەجێ کرا.
دوابەدوای ئەو بڕیارە لە 4ی نۆڤەمبەری 2016، دەستبەسەری بەربڵاوی بەرپرسان و ئەندامانی پارتی دێموکراتیکی گەلان دەستی پێکرد کە سەلاحەدین دەمیرتاشیش لە نێوانیان دا بوو و لەو دەمەوە لە زینداندایە.

ڕۆژی 22ی دیسەمبەری2020، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بە بڕینەوەی حوکمێک بە فەرمی داوای لە بەرپرسانی تورکیا کرد هەرچی خێراتر سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێ.
دادگایی ئەورووپی کوتی: خوێندنەوەی دوسیەی سەرۆکایەتی پێشووی پارتی دێموکراتی گەلان، زۆرینەی دادوەرانی بەو ڕایە گەیاندووە کە دەستبەسەری ناوبراو تەنیا هۆکاری سیاسی لە پشتە و نەک”حقوقی(تاوانکەر).
پاش دادگا مافی مرۆڤ، شۆرای ئەورووپایش خوازیاری ئازادی بەپەلەی دەمیرتاش لە تورکیا ببوو.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە دایکبووی1973، نووسەر، سیاسەتوان، مافناس و هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دێموکراتیکی گەلان لە تورکیادایە.
ڕێکەوتی 6و 7ی ئۆکتۆبەری 2014، بە مەبەستی تێکشکاندی گەمارۆی شاری کۆبانی لە لایەن تیرۆریستەکانی داعشی گرێدراوی حکوومەتی تورکیا، سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە حکوومەتی ئەوکاتی تورکیا کرد بۆ ئەوەی ڕێگەی بەهێزکردنی هێزە کوردییەکان خۆش بکرێت. حکوومەتی تورکیا ئەم داوایەی ڕەت کردەوە و دەستی دایە دەستبەسەری چالاکانی سیاسی، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، نوێنەرانی پەڕلەمانی و… .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســـتان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *