کرماشان؛ سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر شارۆمەندێکدا لە رێگای رێوڕەسمی سوێندخواردن( قەسامە)

KMMK:

شەممە 28ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، شارۆمەندێکی خەڵکی کرماشان بە ناسناوی” ماشەڵا سەبزی” کوڕی موحەمەد عەلی لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان لە رێگای رێوڕەسمی سوێند خواردن، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی راپۆرتەکە، پارێزەری ماڵباتی کوژراوەکە، دادوەرێکی خانەنشینی دادگە بووە و بە لەبەردەست نەبوونی بەڵگە و دیکۆمینتێک بۆ سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ماشەڵا سەبزی داوای رێوڕەسمی سوێند خواردنی کردووە و بە کۆکردنەوەی 50 کەس و سوێندخواردنیان، سزای سێدارەیان بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

ماشەڵا سەبزی ماوەی 45 رۆژ لە ئیدارەی ئاگاهی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان و شارەکانی دەوروبەری لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوە بووە بۆ ئەوەی کە دان بنێت بە کوشتندا.

بەڵام سەرەڕای گوشار و ئەشکەنجەی زۆر، دانی بە کوشتندا نەناوە.

گرتەی دەنگی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی بەم شێوەیە بووە: من ماشەڵا سەبزی بەندکراوی تاوانبار بە کوشتنم. لە ساڵی 2719 تۆمەتی کوشتنیان خستە پاڵم و ماوەی 45 رۆژ بە ئیزنی دادگە لە ئیدارەی ئاگاهی پارێزگای کرماشان و شارەکانی سەر بە کرماشان، بەرەوڕووی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر بوومەتەوە بە مەبەستی دان پێدانانی کوشتن بەڵام من دانم بە هیچ شتێکدا نەناوە و نێردراومەتە بەندیخانەی دیزڵ ئاوا. لە سەرەتای ساز کردنی دۆسیەکە لەلایەن پارێزەری کەسووکاری کوژراوەکە کە دادوەرێکی بەئەزمونی خانەنشین بووە بە ساز کردنی بەڵگەی ناڕاست سیناریۆیەکی ساز کردووە ولەگەڵ دوو کەس وتووێژیان کردووە کە بڵێن منیان لە شوێنی تاوانەکە دیوە. پاش یەک مانگ یەکێک لەو کەسانە نووسراوەیەکی داوەتە دادگە کە، سوێند خواردنەکەی لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکە و پارێزەرەکەیانەوە درۆیینە و منیان هەڵخەڵەتاندووە. کەسی دووهەمیش دواتر پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە بە تۆمەتی سوێن خواردنی درۆیین سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و ئەم کەسە بەس لە دادگە سوێند بەدرۆ دەخوات لە بری وەرگرتنی پارە و ئەمەش لە دۆسیەکەدا دانراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *