شەهادەتنامەی عەبدولسەلام مەلا ئەحمەدی(ئەرسەلان ئەحمەدی ڕیگ ئابادی)

KMMK:

شەهادەتنامەی خوارەوە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و وتووێژ لە گەڵ عەبدولسەلام مەلا ئەحمەدی بە ئەنجام گەیشتووە. ناوبراو هەنووکە ئەندامی ک م م ک و لەم دیمانەیە لەهەمبەر چۆنییەتی دەستبەسهری و دۆخی خۆیان لە زیندانی حکوومەتی ئێران دەدوێ.

تکایە خۆتان بەتەواوی بناسێنن؟

من عەبدولسەلام مەلائەحمەدی ناسراو بە ئەرسەلان ئەحمەدی ڕیک ئابادی، کوڕی عەزیز، لە دایکبووی یەکی ڕەشەمەی 2680ی کوردی، گوندی ڕێگ ئاوا لە ناوچەی سۆمای برادۆست سەر بە شاری ورمێ ـم. گوندەکەی ئێمە لە شوێنک لە کوردستان هەڵکەوتوە کە هەرگیز حکوومەتی ئێران گرنگی پێنەداوە و دەڤەرێکی تەواو بێبەش و هەژارە. بە بۆنەی چاڵاکی سیاسی(کوردایەتی) هەموودەم دۆخێکی وەکوو میلیتاریزە زاڵە بەسەر ناوچەکەدا.
چۆن ڕوتان لە چاڵاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کرد؟
دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەبوونی هێزە سیاسی و چەکدارەکانی حیزبە کوردییەکان، مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد هاوکات لە گەڵ هەڵاواردنی نەتەوەیی، زمانی، سیاسی و کۆمەڵایەتی حکوومەی ئێران هەر هەموویان بوون به هۆکاری ئەوەی هەر لە سەردەمی گەنجیییەوە لە گەڵ کورد بوون و خەباتی ڕەوای کوردستان ئاشنا ببم.

ئاخۆ بە بۆنەی چالاکی سیاسی لە گەڵ کێشە و هەڕەشەی سیاسی ڕووبەڕوو بوونەوە؟
بەڵێ بۆ خۆم چەندد جار هەڕەشەم لێکراوە، تەنانەت بنەماڵەکەیشم چەندد جار لە لایەن ڕێخراوی تیرۆریزمی سپای پاسدارانی ئێرانەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێــکراوە.
ساڵی 2699ی کوردی بە تۆمەتی هاریکاری پارتی کرێکارانی کوردستان(پ ک ک) لە شاری سەڵماس دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێران لە شاری خۆی ڕاگوازرام. جارێکی دی ساڵی 2705ی کوردی، لە کەرەج لە لایەن ڕێخراوی تیرۆریزمی سپای پاسداران بە تۆمەتی هاریکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) دەستبەسهر کرام. ساڵی 2715ی کوردی، لە ناوچەی سۆمای برادۆست سەرلەنوێ بە تۆمەتی هاریکاری پژاک دەستبەسەر کرام.

ماوەی دەستبەسەر کراویت چەندد بوو؟ لە کوێ و لە لایەن کام دامەزراوەوە دەستبەسەر کرایت؟
جاری یەکەم سێ مانگ لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە خۆی بووم، بە بۆنەی کەم تەمەن بوون بە لێبوورینی مەرجدار ئازاد کرام. جاری دوویەم لە گرتووخانەی ئەلمێهدی سپا له کەرەج و نۆ مانگ له زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بووم و پاش ساڵێک بە دانانی بارمتە ئازاد کـرام.

قۆناغی لێپرسینەوەت شی بکەوە بە چ شــێوازێک بوو؟ ئاخۆ لە ژووری تاکەکەسی بوون؟
جاری یەکەم لە شاری سەڵماس لە سەر شەقام سێ ڕایەدار بە جلی مەدەنی بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستبەسەریان کردم. هەر لە دەسپێکەوە لێپرسەرەکان ئەشکەنجەیان دام. گرانی ئەشکەنجەکان تا ئاستێک بوو کە تەنانەت پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندم کە بە بۆنەی ئەشکەنجەی گرانەوە، هەرگیز ناتوانی ببیە خاوەنی منداڵ. پاش چەندد ڕۆژ منیان بۆزیندانی ئێران لە شاری خۆی ڕاگواست، کە زیندانێکی زۆر پیس و چەپەڵ و پڕ لە زیندانی بوو، ئێمە بە ئاوی سارد خۆمان دەشۆرد، خۆراکی زۆر بێ کوالیتیمان پێدەدرا.
جاری دوویەم لە کەرەج لە لایەن هێزە تیرۆریزمەکانی سپای پاسدارانەوە لە ماڵ دەستبەسەر کرام. ئەوان بە بێ هەبوونی حوکمی قەزایی درگای ماڵەکەمیان شکاند و شەش ڕایەدار ڕژانە نێو ماڵەکەم، بە سووکایەتی و بێڕێزی دەستیان دایە پشکنینی ماڵەکەم پاشان کەلەپچەیان کردم و چاویان بەستم و لە گەڵ خۆیان بۆ گرتووخانە ڕاگوازرام.
سێ مانگ لە ژوورێکی تاکەکەسی ژێرخانی گرتووخانەی ئەلمێهدی کەرەج بووم. سووکایەتی بە بنەماڵە و هەڕەشەی دەستبەسەری یان کوشتنی ئەوان، سووکایەتی بە ئایینی من و بنماکەم، چوونکوو ئێمە پێڕەوی ئاینزای سونە بووین لە کۆی ئەو ئەشکەنجانە بوون کە ڕۆژانە دەکراین، پاش سێٓ مانگ بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوازرام، حەوتوویەک لە کەرەنتینە بووم، ئەم بەشە هۆڵێکی گەورە و پیس و چەپەڵ و پڕ لە زیندانی بوو، هەر کەس پەتوویەکی هەبوو و له سەر زەوی دەخەوتن و بتڵی نۆشابەی پڕ لە ئاو سەرینمان بوو، پاش حەوتوویەک منیان بۆ ئەندەرزگای 4 یان دارلقورعانی هۆڵی 3 گواستەوە کە شوێنەکەی زۆر ئازار هێنەر بوو.
جاری سێیەم کە لە تارانەوە بۆ ورمێ هاتبووم لە ڕێڕەوی گوند بووم لە ناوچەی سۆمای برادۆست بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستبەسەر کرام. دوو ماشێنی هایلۆکس و ماشێنێکی زانتیا کە پتر لە دە کەس دەبوون کە جلی مەدەنیان لەبەردا بوو هەر له یەکەم چرکەوە بە لێدانی مشتەکۆڵەیەک لە دەم و چاوم بێهۆشیان کردم، هاتێک هاتمەوە سەخۆ، لە ژوورێکی زۆر بچووک و هەموو گیانم تەڕ بوو، هەموو لشم ئازارێکی زۆری هەبوو، تازە زانیم کە دەستم شکاوە، ددانەکانم شکاون، سەرم شــکاوە، هەموو جلەکانم خوێناوڵ ببوون، لەوێ هەرچیان کوتبا دەبوا من پەسندی بکەم نینۆکی قامکەکانمیان کێشا.

بەم ئەشکەنجانەوە نەوەستان، نازانم لە کوێوە بڵێم هەرجی بڵێم کەمم کوتووە. لێپرسەران بە بتڵی نۆشابە دەسدرێژیان کردە سەرم. ئەوان کوتیان تێکت دەشکێنین، بیستبووم کە چەندە دەتوانن قیزەون بن، بەڵام وێنام نەدەکرد بتوانن لە گەڵ مرۆڤ کاری لەو شێوە بکەن.
پتر لە 200 بۆ 300 پەڕە کاغەزی دانپێدانانی زۆرە ملێیان لێگرتم. 40 ڕۆژ لە پێوەندی لە گەڵ بنەماڵە بێبەری بووم، ڕۆژی 41م بۆ ماوەی 5 خولەک چاوپێکەوتنم لە گەڵ براکەم بەجێگەیاند. لەم ماوە ڕۆژی ژەمێک خۆراکم پێدەدرا کە هاوکات بوو لە گەڵ هەزار جنێو و بێڕێزی.

ڕۆژی جارێک مافی کەڵک وەرگرتن لە ئاودەستم هەبوو. ئەو ژوورە تاکەکەسیەی تێدا دەژیام، ژوورێکی تەسک و تاریک بە پانتایی مەتر و نیوێک لە مەترێک دەبوو، بە بێ گڵۆپ تەنیا پەتوویەکی کۆن و پیسی تێدا بوو.
لێپرسەرەکان خۆیان بە خودا و نوێنەری خودا لە سەر زەوی دەزانی، دەیان کوت کە ئێمە لێرە بڕیار دەردەکەین کە کێ زیندوو بمێنێ و کێ نەمێنێ. کاتێک سوێندم دەخوارد کە بە قورعان من نەبووم، لێپرسەر کەسێکی بانگ دەکرد و هۆ وەرە قورعان بێنە، ئەوان لە گەڵ تۆیانە.
ئاخۆ دادگایی کران؟ هەڵسووکەوتی دادوەر چۆن بوو؟
لە ماوەی قۆناغی دەستبەسەری دووجار دادگایی کرام، بە گشتی دەرفەتی بەرگری یان قسە کردنم نەبوو، هەرچی دادستان ولێپرسەرەکان کوتبوویان پەسند و هەڕەشەیان لێدەکردم و بێڕێزیان دەکرد. تەنانەت مۆڵەتی هەبوونی پارێزەرشم نەبوو و دەیان کوت شوکرانە بژێر بە کە زیندوویی. هەڵسووکەوتی دادوەر بە شێوازێک بوو کە نەت دەزانی ئەم کەسە دادوەرە و ئێرە دادگایە. هەمان هەڵسووکەوتی لێپرسەرانی هەبوو.
دواوتە:
من لەو سەردەمەی کە دەستبەسەر کرابووم ، خراپترین ئەشکەنجەکانم لە سەر تاقی کرایەوە. دەسدرێژی بە کەسایەتیم کرا و کەرامەتی مرۆیی واتایەکی نەبوو .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *