شەهادەتنامەی کەیوان مستەفاپوور (ئەو خوێندکارەی بوو بە کۆڵبەر)

KMMK:

شایەتنامەی خوارەوە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و وتووێژێکە لە گەڵ کەیوان مستەفاپوور. ناوبراو هەنووکە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە و لەم وتووێژەدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن ناچار بووە کۆڵبەری بکات، لە کاتێکدا خوێندنی باڵای هەبووە.

تکایە خۆتان بە تەواوی بناسێنن؟

من کەیوان مستەفاپوور کوڕی مەمەند، 32 ساڵم تەمەنە، خێزاندار و خاوەنی منداڵێــکم. خەڵکی شاری ڕەبەتم. ڕەبەت شارێکی بچووکی سەر بە شاری سەردەشت ـە، حەشیمەتی 20000 کەسە. شاری ڕەبەت لە یەکەمینی ئەو شارانەیە کە ڕێوڕەسمی نەورۆزی بەڕێوە دەبرد و سەرچاوەی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارەوە هەڵگیرسا. شاری ڕەبەت هیچ چەشنە ئیمکان و پێداویستییەکی نییە، لە هەبوونی کومپانیا و کارگە بێبەرییە. خەڵک لە ڕووی ناچارییەوە ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن.خەڵکی ئەم شارە بە زۆری خەریکی کشت وکاڵ و کۆڵبەرین و تاقمێک لە خەڵک بۆ ئیشی کورەخانە و هەڵگرتنەوەی میوە و سەوزە بۆ شارەکانی دیکە دەرۆن.

چەندەتان خوێندوە؟
من لە بواری کۆمپیوتەر تا ئاستی کاردانیم خوێندوە و کارناسی بە بۆنەی هەبونی گرفتی ماڵی و……نەمتوانی کارناسیەکەم کۆتایی پێ بێنم.
ئاخۆ چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتیت هەیە؟
من لەو ساڵانەی کە جەژنی نەورۆز بەڕێوە دەچوو هەموو کات چالاکیم هەبوو و هاریکاری خۆم وەکو چاودێر و گروپی هەڵپەرکێ و ئاگری نەورۆزم هەڵئەگرسان و لە ئورگانیزە کردنی خەڵک ڕۆڵم دەگێرا. من لە ساڵی 2710ی کوردی لە لایەن هێزە ئیتڵاعاتیەکانەوە دەسبەسەر کرام و پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەری ئازاد کرام.

کوتتان کە لە دوایی تەواو کردنی خوێندن ناچار بوون کۆڵبەری بکەن بۆچی؟
کاتێک دەستم دایە کۆڵبەری، ماوەیەکی کورت بوو زەماوەندم کردبوو، هێدی هێدی خەریک بوو دەبوومە باوک. تێچووەکان هەڵکشابوون و هیچ کارێک جگە لە کۆڵبەری لە ئارادا نەبوو .چەن جار داوکاریم پێشکەشی کۆمپانیاکان کرد بەڵام بەهۆیی ئەوەیی پێشینەی دەستبەسەریم هەبوو، داواکاریەکەمیان ڕەت دەکردەوە.
باسی کۆڵبەری بکەن ،چۆن کارێکە؟

کۆڵبەری کارێکی زۆر گران و تاقەت پروکێنە چونکوو هەمو دەم ئەگەری کەوتنە خوارەوەت لە هەڵدێرەکان لە ئارادایە یان هێزە سنورییەکان تەقەت لێ دەکەن و ئەگەری گیان لە دەس دانت هەیە.
ڕێگای دژواروو بەردەڵان، ئاژەڵی هۆڤە و سەرمای زۆر لەو هەرەشانەن کە هەردەم ئەگەری ڕووبەروو بونەوەت لەگەڵیان هەیە .شکانی دەست و بڕبڕەی پشت و مردن دەبێ هەردەم بیریان لێ بکەیەوە.

ئاخۆ کۆڵبەری هۆکاری هەڕەشە بووە لە سەرتان؟
ماوەی دوو ساڵ کۆڵبەریم کرد، جارێک بریندار بووم. لە لایەن هێزە سنوریەکانەوە کرامە ئامانجی ڕاستەوخۆ و بریندار بووم. تەنانەت نەورۆزی ساڵی 2716ی کوردی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کرامە ئامانج، لەم هێرشەدا هاوڕێیەکم بە ناونیشانی لوقمان بریندار بوو. پتر لە بیست جار تەقەمان لێکراوە. تەنانەت هاوڕێیەکم بە ناوی ئیبراهیم کە لە کەژ کەوتە خوارەوە، گیانی لە دەست دا.

کۆڵبەری هەردەم و هەر چرکەیەکی پڕە لە ڕەنج، سەختی و ترس و دڵەڕاوکە. سەردەمی کۆڵبەری من ڕەشترین بەشی ژیانمە. بەڵام دوو ڕووداو کە یەکجار تاڵ بوون بۆتان دەگێڕمەوە.
یەکەم ئەوەی کاتێک ئێمە کاتێک لە چیای”دووپزە” بووین، کەسێک بە تەنیایی لە سووچێک دانیشتبوو، هەوا زۆر سارد بوو، دیتم زۆر پەرۆشە، دیتم کە ئەو خاتوونێکە کە هاوژینەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراوە و بۆ بژێوی ژیان ڕووی لە کۆڵبەری کردبوو.
کاتێک چاوی پێم کەوت چاوەکانی پڕ لە فرمێسک بوون و داوای لێکردم کە ناوی نەهێنم. دووهەمین بیروەری زۆر تاڵ ئەو کاتە بوو کە کوڕێکی 18 ساڵ تەمەنی “مێراوێی” لە بەر زۆری سەرما ڕەق هەڵاتبوو و ناچار بوو بە هاریکاری براکەم و دوو لە هاوڕێکانم تەرمی بێ گیانی ناوبراو بە گوندێک بگەیەنین. من تەنانەت ئەو ڕۆژەی کە سیروان عەزیزی لە لاین هێزە سوورییەکانی ئێرانەوە کوژرا، لەوێ بووم. ئەو ڕۆژەی کە گەنجە مێراوێ ـییەکە بە 18 ساڵ تەمەنەوە ڕەق هەڵات لەوێ بووم. لوقمان و ئیبراهیم و چەندد کەسی دیکە، من برینداربوونی کەسانێکی زۆرم دیووە لە سەردەمی کۆڵبەریدا. هیچکات ناتوانم ئەو کاتە پڕ ئازارانە لەبیر بکەم.

ئاخۆ بە بۆنەی کۆڵبەری یان چالاکی سیاسی لە گەڵ کێشە یان هەڕەشەی سیاسی ڕووبەڕوو بوونەوە؟ گەر وڵام ئەرێ ـیە، ئەم کێشە یان هەڕەشانە چۆن بووە؟
بەڵێ، لە سەردەمی کۆڵبەری ـیش دەستبەسەر کراوم، ئەشکەنجە کراوم، بە تۆمەتی هاریکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری دەسەڵاتی ئێران دەستبەسەر و ئەشکەنجە کراوم.
ئاخۆ دەستبەسەر کراون؟ چۆنیەتی دەستبەسەری خۆتان ڕوون بکەنەوە؟ کاتی دەستبەسەری جۆری تاوانەکەت بۆ ڕوون کراوەتەوە؟

من یەکەمجار ماەی 4 ڕۆژ لە گرتووخانە بووم بە چەشنێکە هەر دەم ئاواتی مردنم دەخواست، بە بارمتە ئازاد کرام، بە تەنیایی لە ئیتلاعاتی هەنگی سنووری حکوومەتی ئێران لە سەردەشت دەستبەسەر کرابووم، بەڵام کەسێکی دیکەیش کە ئەو دوو کەسە ناویان لێ هێنابوو، لەو ماوەیە لە دەستبەسەریدا بوون، مەخابن ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان کوژرا. خاڵی هەرە گرنگ ئەمە بوو ئەو دوو کەسەی کە نێوی ئێمەیان هێنابوو هەر دووکیان ئازاد کران. منیان بە تۆمەتی گواستنەوەی خواردنەوە ئەڵکۆڵییەکان دەستبەسەر کردبوو بەڵام کاتێکی لە گرتووخانە بووم بە تۆمەتی هاریکاری حیزبە کوردییە دژبەرەکانی دەسەڵات دەیان هەویست زیندانیم بکەن. پاشی ئەوەی کە حوکمیشیان پێداوم بڵگەیەکی سەلمێنراویان پێ نییە.

هەڵسووکەوتی لێپرسەرەکان چۆن بوو؟ بە تەواوی و تۆخی باسی بکەن؟
یەکەم کەسێ کە من لە ئیتلاعات دیتم کەسێک بوو بە ناوی موڕشیدی، ناوبراو هیچێکی نەکوت، تا ئەوەی کە پاش ماوەیەک لە دەستبەسەرکراوی ئیتلاعات دا بووم، کەسێکی دیکە بە ناوی عەلیزادە منی بردە ژوورێکی دیکەوە کە ئەشکەنجەکان لەوێوە دەستیان پێکرد. هەروەکوو پێشووتر ئاماژەم پێدا هەندێ لە کردەوەکانیان ناتوانم دەرببڕم، چونکوو بە ڕاستی زەبر لە کەسایەتی و ڕۆحو دەروونم دراوە. بەڵام هەموو ئاسەوارەکانی ئەو سەردەمە لە سەر جەستەم ماوەتەوە. تەنانەت پزیشکە ئاڵمانییەکان هەموو ئەشکەنجەکانی منیان پەسند کردووە. باڵگە و دیکۆمێنتی ئەمئەشکەنجانە هەیە.

بەچی تۆمەتبار کرابوون؟
گواستنەوەی مادە ئەڵۆوڵییەکان، پەڕینەوەی نایاسایی لە سنوور و هاریکاری حیزبە کوردییەکان، لەو تۆمەتانە بوون کە لە لایەن هەنگی سنووری ئیتلاعات پێمەوە لکێنرا و دادگایش بەو پێیە دادگایی کردم.
ئاخۆ لە کاتی لێپرسینەوە ئەشکەنجە کراویی؟
من گەر بمەوێ هەڵسووکەتی ئەوانەی ئەشکەنجەیان کردووم باس بکەم دەبێ پەرتووکێک بنووسم. لە شەق و مشتەکۆڵەوە بگرە تا بێ ڕێزی بە کەسایەتی وبیروباوەڕ و کوتانی واکسێن بگرە تا هەندێ بابەت کە شەرم دەکەم باسیان بکەم چونکوو کردەوەی لەو شێوە لە هیچ مرۆڤێک ناوەشێتەوە. هەموو چەشنە ئەشکەجەیەکم لەسەرتاقی کرایەوە، لە شکاندنی لووت، سەر و ڕوومەت تا برینداربوونی دەست و هەڵواسین بە دەستێک (هەنووکەیش ئاسەوارەکەی هەیە کە من گەشکە دەگرم). لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجانە واکسێنێکیان لێدام کە گەشکەم گرت و هەنووکە نەخۆشی گەشکەم لە گەڵە.
دادگایی کران؟ هەڵسووکەوتی دادوەر چۆن بوو؟
بە گشتی چوار جار دادگایی کراوم، لە دادگا هیچ دەرفەتێکی بەرگریم پێنەدرا، عەلیڕەزا عەباسپوور سەرۆکی دادگا بە بێ لێکردنی پرسیارێک، منیان بە شەش مانگ زیندان و 1250000 تمەن غەرامە مەحکووم کرد. ناچار بووم ناڕەزایی دەرببڕم و چوومە دادگای پێداچوونەوە کە لەوێش هەمان ئەو هەڵسووکەوتەیان هەبوو کە دادگای یەکەم کردی، لە دادگای پێداچوونەوە ئەو حوکمەی دادگای حکوومەت لە سەردەشت دابووی پشتڕاست کرایەوە و بە بێ هیچ بەڵگەیەک منیان بە گواستنەوەی مەشرووب مەحکووم کرد. پاش ئەوەی لە ئێران هاتمە دەرەوە، حوکمی دادگای پێداچوونەوە هاتەوە و ئیتلاعات بۆ دەستبەسەری من هەڵیان کوتابوویە سەر ماڵی ئێمە و هەڵسووکەوتێکی زۆر هۆڤانەیان لە گەڵ بنەماڵەکەم کردبوو، بە شێوازێکە دەست و پێی براکەم و پێی باوکمیان شکاندبوو. براکەم کە گرێنتی منی کردبوو دەستبەسەر کرا و تەنانەت لە ماڵەوە بە باوکم و براکانمیان کوتبوو گەر تەنیا ڕۆژێکم مابێت دەمکوژن.
لە ڕوانگەی منەوە سیاسەتی حکوومەتی ئێران پەرەپێدانی هەژاری و بێکاری لە کوردستان ـە، بەم شێوازە هەوڵی کۆنتڕۆڵی خەڵک دەدەن یان ناچار بە کۆچیان بکەن. کۆڵبەری لێکەوتە ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران ـە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان