ڕەنج نامەی زیندانی سیاسی” والی دروودی” ( زیندان واتە ئەو شوێنەی خودا لێی باری کردووە)

KMMK:

ئەم ڕەنج نامەیە لە لایەن “ئاکام فەرهەنگ زادە، ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردسـتان” کۆکراوەتەوە و بە ئەنجام گەیشتوە. زیندانی سیاسی، والی دروودی پاش تێپەڕاندنی 24 ساڵ زیندان، ئازاد و بەیانی دوایی ئازادییەکەی دەچێت بۆ کۆیە لە باشووری کوردستان و پەیوەستی هاوڕێ دێرینەکانی خۆی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دەبێت.

ناو: والی دروودی

شوێنی لە دایک بوون: کامێران

چالاکی: ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوان: ” ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەوڵی چەکدارانه بە ئامانجی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران و محاربە لە گەڵ خودا و خەڵکی خودا”

ڕێکەوتی دەستبەسەری: 3ی جۆزەردانی 2695ی کوردی

ڕێکەوتی ئازادی: 26ی سەرماوەزی 2719ی کوردی

ماوەی حوکم: 25 ساڵ تەعزیری و دوور خستنەوە

زیندان: ئەبەر کووهی یەزد

ڕێزدار دروودی ئێوە بە تۆمەتی ئەندامەتی له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و بە 25 ساڵ زیندان مەحکووم کران. ئێوە چۆن دەستبەسەر کران؟

والی دروودی: من ڕێکەوتی 3ی جۆزەردانی 2695ی کوردی دەستبەسەر کرام. لە چالاکییەکی چەکدارانه لە کاتی حەسانەوە کەوتمە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران. بۆشکاندنی بازنەی گەمارۆی هێزەکانی حکوومەت ناچار بە شەڕێکی 9 کاتژمێرە بووم. لەو شەڕە من سێ فیشەکم بەرکەوت و بە گرانی بریندار کرام. پاش برینداربوون ، کاتی گواستنەوە بۆ شاری کرماشان بۆچارەسەری و نەشتەرگەری ئاشکرا کرام و لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئێرانەوە دستبەسەر کرام.

پاش دەستبەسەری ئەشکەنجە کرایت؟

بەڵێ هەر لە دەسپێکی دەستبەسەرییەوە سەرەڕای برینداربوون و ناجێگیر بوونی ڕەوشتی جەستەیی و بەرکەوتنی سێ فیشەک، (دوو فیشەک بەر شان و یەکیش بەر بڕبڕەی پشت و نێزیکی دەماری بڕبڕە و خوێن لە بەرچوونی زۆر) کەوتمە بەر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی. هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان بە ئامانجی دانپێدانان وەرگرتن و هاریکاری کردنیان ئەشکەنجەیان دەدام. گوشار خستنە سەر شوێنی فیشەک تا ئاستی لە هۆش چوون و فەلاقەی بنی پێ، پشت، ڕان و هەڵواسین لە پێوە، هەوڵیان دەدا بگەن بەوەی دەیان هەوێ. ئەو ئەشکەنجانە تا ئاستێک زۆر بوون کە چەند جار بەهۆی خوێن لەبەر چوونی زۆر و ئازار لە هۆش چووم. دانانی جگەر و کەرەستەی گەرم کراو و (هۆیە) لە سەر نینۆک، کەڵک وەرگرتن لە شۆکی ئیلەکتەریکی تا ئاستی مردن ئەو پەڕی ئازار کە مرۆڤ بەرگەی ناگرێت. بێبەری بوون لە خزمەتگوزاری پزیشکی و ڕێگری لە خەوتن و هەروەها ڕێگری لە چون بۆ ئاودەست تا ئاستێ کە ناچار دەبووم لە ژوورە تاکەکەسییەکەم وەکوو ئاودەس کەڵک وەربگرم، کە ئەمە بۆ خۆی تەمبێی ڕۆحی و جەستەیشی لەگەڵدا بوو.لە وەها ڕەوشێکی خراپدا بووم کە پاش 9 مانگ ڕێگەم پێدرا خۆم بشۆم و لە کاتی خۆشتندا دەبوا درگای گەرماوەکە کراوە بێت و لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەک یان دوو لێپرسەردا بێت، من ماوەی ساڵێک تەواو لە ژووری تاکەکەسی و لە ژێرهەموو چەشنە ئەشکەنجەیەدا بووم.

ئاخۆ مۆڵەتی چاوپێکەتنی بنەماڵە یان پێوەندیە هەبوو لە گەڵیان؟

نا، لە ماوەی یەکساڵی یەکەم لە هەر چەشنە پێوەندییەک لە گەڵ بنەماڵە بێبەری بووم، پاش ساڵێک توانیم چاوم پێیان بکەوێت. ئەم چاوپێکەوتنە تەنیا پێنج خولەکی مەودا بوو، لە بواری ڕوخسار و ستایلەوە بە تەواوی گۆڕابووم، زۆر لاواز ببووم، بە چەشنێک که کچەکەم دەسپێک نەیناسیمەوە.

باسی دادگایی کردنی خۆت بکە، کەی دادگایی کران؟ لە چ دۆخێکدا بانگهێشتی دادگا کرایی؟

پاش شەش مانگ بۆ جاری یەکەم بە دەست و پێی زنجیرکراو و چاوی بەستراوەوە بۆ دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کرماشان، لقی یەک بە سەرۆکایەتی دادستانی پارێزگا(چاوشی)، تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەی تاوان بۆ ماوەی دە خولەک ڕاگوارزام.

یانی لە شەش مانگی یەکەم تاوانەکەت بۆ ڕوون نەکرابوویەوە؟

نا، لە شەش مانگی یەکەم تەنیا ئەشکەنجە درام، هەموو ڕەنگێکی سناریۆیان ئامادە کردبوو و ئەشکەنجەیان دەدام کە پەسندیان بکەم و هاریکاریان بم.

پاش ئەو دادگاییە چی ڕووی دا؟

سەر لە نوێ گەڕێنرامەوە بۆ گرتووخانە، لێپرسینەوە و ئەشکەنجە وەکوو پێشوو درێژەی هەبوو، هیچ زانیارییەکم لە جیهانی دەرەوە نەبوو، لە بەندی تاکەکەسی ئیزۆلە کرابووم.

ئاخۆ سەر لە نوێ دادگایی کرایی یان دیسان بانگهێشت کرایتەوە؟

بەڵێ، پاش ماوەیەک لێپرسینەوە و ئەشکەنجە دیسان ڕەوانەی دادگا کرامەوە. جاری دووهەم نیو کاتژمێری خایاند و بە ئامادەبوونی پارێزەرێکی دەستنیشانکراو کە بە جێی پشتیوانی لە من وەکوو دادستان دەرکەوت و سووکایەتی پێکردم و گوشاری دێنا ئەوەی لێپرسەرەکان و دادستان دەیڵێن، ڕاستە. من بەم هۆیە و بە بۆنەی بێ ڕەوشتی و بێ حورمەتی ناوبراو داوای وەلا نانی ئەوم کرد.

دادوەر چۆن هەڵسوکەوتی دەکرد؟ ئاخۆ دەرفەتی بەرگری پێدەدایی؟ ئاخۆ سەربەخۆ و لە پێگەی دادوەر دەرکەوت؟

نا، هەرگیز سەربەخۆ نەبوو، هیچ دەرفەتێکی بەرگری پێنەدەدام، هەموو بانگەشەکانی ئیتلاعات و لێپرسەرەکانی دووپات دەکردەوە، هەر لە دەسپێکەوە کوتی تۆ خائین بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی و دەبێ بە گرانترین شێواز سزا بدرێی. چاوشی، سەرۆکی دادگا تەنیا بە چەند پرسیارێک کە چیت کردووە، چەندە پارەت وەردەگرت و بۆچی هەوڵی چەکدارانەت دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران داوە، کۆتایی بە ڕێوڕەسمە هــێنا، تەنیا دادستان قسەی کرد و تۆمەتەکانی منی لەوێ خوێندەوە. پاش دە ڕۆژ حوکمی دادگا لە سەر مەحکووم بوونی من بە “زیندانی تاهەتایی و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری یەزد”پێم ڕاگەیەندرا.

حوکمی ئێوە تاهەتایی بوو، چۆن ئازاد کران؟

پاش تێپەڕینی 24 ساڵ زیندان، کۆمسیۆنی لێبورین و بەخشینی هێزی قەزایی ئێران بە داشکاندنی حوکم لە تاهەتاییەوە بۆ 25 ساڵ زندان پەسەندی کرد، کە پاش تێپەڕاندنی 24 ساڵ، لە زیندان ئازادیان کردم.

باسی دۆخی زیندان بکەن، لە چ بارودۆخێکدا بوون؟

زیندان چوار دیوارێکی بەستراوە بە بێ هەبوونی پێداویستی، زۆربەی کاتەکان لە ڕۆژ و شەو درگاکەی داخراوە، مەگەر بۆ خواردنی هەوا و چاوپێکەوتنی بنەماڵە و بەرپرسانی زیندان. زیندان چوار دیوارێکی زۆر تەسک و پڕە لە نادادوەری و نایەکسانی بۆ پاسەوانی داماڵڕاو لە بەزە و سۆز و مرۆڤایەتی. پاک و خاوێنی زۆر خراپ و خۆراکی پیس، زۆرینەی ئەوانەی کە بۆ ساڵانێکی دەمدرێژ ناچار بوون لەوێ زیندان بن، تووشی کەمبوونی ڤیتامین و هەمە چەشنی نەخۆشی پێست و دەروونی دەبن. هەرگیز گڵۆپەکانی تەنانەت بۆ چرکەیەکیش ناکوژێنرێنەوە، شوێنی نووستن و حەسانەوە و تەنانەت ئاودەس و گەرماو بە کامێرا کۆنتڕۆڵ دەکرێ. هەر وەها لە بریتی نەپاراستنی تەکووزی و ناڕەزایی بەرانبەر بە دۆخی خراپی زیندان دەکەوتینە بەر گرانترین جنێو و لێدانی وەکوو؛ گواستنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، بێبەری کردن لە مافی هەوا خواردن و چاوپێکەوتنی بنەماڵە و بەڕوودا کردنی سپری توند و سووتاندنی پێست و دەست و ڕوومەت وەکوو گازی فرمێسک ڕێژ.

وتەی کۆتایی ئەم کوتەیەی لێپرسەرەکەی خۆم بیردێنمەوە:” زیندان بە پێی وتەی لێپرسەرەکەم ئەو شوێنەیە کە خودا لەوێ باری کردووە”.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان