KMMK:
چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی، مێرمنداڵێک بە ناوی “پێشەوا ڕەحمانیفەر”، لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی ئێران دەسبەسەر کرا.
پێشەوا ڕەحمانیفەر، تەمەنی 15 ساڵە و کوڕی عەلی و خەڵکی شاری مەهابادە کە ڕۆژی چوارشەمە لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەیKMMK، ناوبراو بەبێ نواندنی حوکمی یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، پێشەوا رەحمانی فەری 15 ساڵەیان بە تۆمەتی “لایەنگری لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران”، دەسبەسەر کردووە.
شایانی باسە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەو مێرمنداڵە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.
ئەو کەسانەی کە لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوەن بە شێوەیەکی یاسایی بە منداڵ دادەنرێن و نابێت لە لایەن هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگرییەوە دەستبەسەر بکرێت.
هەر وەها، دەسبەسەرکردنی تاکەکان لەسەر چالاکی سیاسی و کۆمەلایەتی یان پشتیوانیکردنی لایەنەک سیاسی پێشڵکردنی گەورەی مافی مرۆڤە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان