هاوکات لەگەڵ 8ی مارس ڕۆژی ژنان شاهیدی نایەکسانی و بەردەوامی چەوساندنەوەی ژنانین

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە ژنان و بەتایبەت ژنانی کوردستان پیرۆزبایی دەکات و تێکۆشانی ژنان بۆ یەکسانی، ئازادی و مافەکانیان بەرز دەنرخێنێت.
پێشێلکردنی مافی ژنان، نادادپەروەری و نایەکسانی، کۆمەڵگای پیاوسالاری و داب و نەریتی دژبەژن ئەمساڵیش وەک ساڵانی لەرێ بەردەوام بووە و شاهیدی پێشێلکارییەکی زۆر گەورەی مافەکانی ژنان بووین لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها لە لایەن کۆمەڵگاوە.
لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی، مەدەنی و مافی ژنان لە زیندانەکانی ئێران دان. کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستبەسەرکردنی ژنانی چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوەی خستەڕوو کە هەمیشە بەردەوامە لە سیاسەتی دژ بە ژنان و ڕەتیدەکاتەوە یەکسانی و مافی ئەم چینەی کۆمەڵگا قبوڵ بکات.
یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام جەخت لەسەر هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەکەنەوە و هیچ پلانێکی بۆ گۆڕانکاری و بەرەوپێشخستنی یاساکان ئەنجام نەداوە.
ژنانی کوردستان و ئێران وێرای ئەم حالەتە، لە ژێر کاریگەری فەرهەنگ و دابونەریتی دواکەوتووش کراونەتەوە ئامانجی جیاکاری و چەوساندنەوە. لە ساڵی ڕابردوودا دەیان ژن یان کوژراون یان خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لەگەڵ هەموو ئەو جیاکاری و ستەمەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، ژنانی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا توانیویانە لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی ئازادیدا بن، چالاکی بەرفراوانی ژنان لە بواری کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و سیاسی ئەوە نیشان دەدات کە سیاسەتەکانی حکومەت لە لاوازکردنی ژناندا کاریگەر نەبووە، ژنان سەرەڕای هەموو جیاکارییەکان توانیویانە هەنگاوی کاریگەر بۆ گۆڕینی دۆخ و پێگەی خۆیان هەڵێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هاوکات لەگەل پیرۆز کردنی ڕۆژی ژنان، بانگ لە کۆمەڵگای کوردستان دەکات، کە بۆ ئازادی و یەکسانی هەموو تاکی کۆمەڵگا تێبکۆشن و هەوڵ بدەن بۆ دابینکردنی کۆمەڵگای ئازاد به دوور له جیاکاری ڕەگەزی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان