گوشار لە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لەمەڕ بەرز کردنەوەی سکاڵا دژی ئەو حیزبانە

KMMK:

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو لەلایەن ناوەندی هەواڵەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بنەماڵەی چەندد ئەندامێکی حیزبە کوردییە ئوپوزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە شارەکانی ورمێ، سنە، مەریوان، کامێران و کرماشان بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کراون.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ڕایەدارانی ئەو ناوەندە ئەمنییە کە جلی مەدەنیان لە بەردا بوو خۆیان وەکوو لێژنەی هێزی قەزایی دەناسێنن و داوا لەو بنەماڵانە دەکەن سکاڵانەمەیەک دژی ئەو حیزبانە بەرز بکەنەوە و واژۆی بکەن.

شیاوی باسه ئەو هێزانە گوشاریان خستۆتە سەر ئەو بنەماڵانە و هەڕەشەیان لێکردوون کە دەبێ ئەو نامەیەی کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە بۆ شۆرای باڵای مافی مرۆڤی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ بکەن کە لەودا بانگەشەی ئەوە کراوا منداڵەکانیان لە لایەن ئەو حیزبانەوە ڕفێنراون. و ئەگەر واژۆی نەکەن ئەگەری دەستبەسەری و دۆسیەی قەزایی دژ بەوان لە ئارادایە و بەم هۆیە بەشێک لەو بنەماڵانە لە ژێر گوشار ناچار کراون و واژۆیان کردووە و دیمانەی تلەفزیۆنیشیان بە ئەنجام گەیاندووە.

جێی بیرهێنانەوەیە ئەو کەسانەی بانگهێشتی ئیتلاعاتی ئێران کراون بنەماڵەی بەشێک لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانن کە منداڵەکانیان لە چەندد ساڵی ڕابردوو لە شەڕ و تێهەڵچوون لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا گیانیان لە دەست داوە.

جێی ئاوردانەوەیە کە لە ماوەی چەندد ساڵی ڕابردوو ڕێخراوی ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردســتان بنەماڵەی چالاکانی سیاسی دەرەوەی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەسەر بە ئەنجام گەیاندوون بۆ ئەوەی لەو ڕێگەوە چالاکی سیاسی و هەڵسووڕانی ئەو چالاکانە بوەستێنن و بگەڕێنەوە بۆ ئێران.

ئەم گوشارانە لە کاتێکدایە کە هەنووکە لانیکەم 10 چالاکی سیاسی و لە ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکان سەرەڕای وەرگرتنی بەڵێن نامە(امان نامە) و سازان هەمدیسان پاش گەڕانەوە بۆ ئێران دەستبەسەر و بۆ ماوەی دەمدرێژ حوکمی زیندان کردن دراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: