سێ چالاکی مەدەنی ڕەبەت هێشتا بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە

‌KMMK:

پاش تێپەڕینی نێزیک بە 40 ڕۆژ لە دەستبەسەری سێ چالاکی مەدەنی شاری ڕەبەت لە شاری سەردەشت، بەهمەن یووسف زادە، فەرهاد مووساپوور و فەرەیدوون مووساپوور هێشتا بە دەستبەسەر کراوی ماونەتەوە و زانیارییەک لە چارەنووسیان بە دەستەوە نییە.

ئەم سێ چالاکە مەدەنییە سێشەممە 23ی بەفرانباری 2720ی کوردی، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای حکوومەتی ئێران لە شاری ڕەبەت دەستبەسەر کران.

بەهمەن یووسف زادە 26 ساڵ تەمەن، فەرهاد مووساپوور 28 ساڵ و فەرەیدوون مووساپوور 26 ساڵان لە چالاکانی مەدەنی شاری ڕەبەتن.

شیاوی باسە کە شەممە 2ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، فەرهاد مووساپوور بۆ جاری دوویەم لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ بۆ زیندانی ئێران لەو شار ڕاگوازراوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە جاری یەکەم بۆ درێژەی لێپرسینەوە سەرلەنوێ بۆ گرتووخانی ئیتلاعاتی سپا ڕاگوازرابوو.

شیاوی باسه کە ئەم سێ چالاکە مەدەنییە لە کاتی دەستبەسەرییەوە تا ئێستە بە شێوازی کورت و لە ڕێێ تلەفوونەوە توانیویانە لە گەڵ بنەماڵەی خۆیان قسە بکەن. لێپرسەران مۆڵەتیان نەداوە کە بە زمانی دایکی لە گەڵ بنەماڵەکەیان بدوێن و گوشاریان سەر خستوون.

ئەم سێ چالاکە مەدەنییە دەمێک نەبوو کتێبخانەیەکیان بە 4 هەزار کتێبەوە لە گوندی سیسێر دامەزراندبوو.
ئیتلاعاتی سپا بە مەبەستی دەستهەڵگرتنیان چەندد جار هەڕەشەی لێ کردبوون.
ئەم سێ کەسه لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێ لەشاری ڕەبەت و گوندی سیسێرن و لە بواری چالاکی کەلتووری خزمەتگوزاری زۆریان بەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان