KMMK:
بەگوێرەی هەواڵێک کە گەیشتووە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، مەترسی لە سێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی محەمەدی خزرپوور 31 ساڵ، خەڵکی سەردەشت لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ هەیە.
پێویستی بە بیرهێنانەوەیە کە، محەمەد خزرپوور بۆ وەرگرتنی قەرزەکەی خۆی لە کەسێکەوە بە ناوی ئەمینی چووەتە گوندی داژاندری سەربە شنۆ کە لەو نێوەدا کەسەکە گیانی لەدەستداوە.
بە وتەی باوکی محەمەدی خزرپور؛ ناوبراو تەنیا مەبەستی بووە قەرزارەکە بترسێنێت و کوشتنەکە بەتەواوی بێ مەبەست بووە، خێزانی قوربانیش تەنها 15 ڕۆژیان پێداوە بۆ پێدانی پارەی ئەو دییە.
باوکی ئەم پیاوە مەحکوم بە لەسێدارەکە وتووە؛ ” پارەم نییە بیدەم بە خێزانی قوربانیەکە و دەبێت چاوەڕێی هەواڵی لە سێدارەدانی کوڕی خۆم بکەم “.
شایانی باسە، کە محەمەد خزرپور لە 11ی خەزەڵوەری 2715 دا لەسەر بنەمای ناکۆکی دارایی لە گوندێکی سەربە شنۆ توشی تاوانی کوشتن بووە و ئێستادا لە قاوشی 4ی زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەسەت سزای لەسێدارەدان بەسەردا سەپێندراوە و چاوەرێی ڕۆژانی داهاتووو ئەکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان