پیرانشار؛ هاوڵاتییەک بە ‌5 ساڵ زیندان مەحکووم کرا

KMMK:

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان، هاوڵاتییەک بە ناوی عەلی بایزیدپوور (جۆڵا) 49 ساڵ تەمەن کوڕی مەولوود خەڵکی گوندی شیناوێ سەر بە پیرانشار بە 5 ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

سێشەممە 30ی بەفرانباری‌ئەمساڵ، دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە شاری پیرانشار، ئەم هاوڵاتییەی بە تۆمەتی «هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران» بە شێوەی غیابی، بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژماری ئەو ماوەیەی دەستبەسەر کراوە مەحکووم کردووە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ناوبراو لە ڕێکەوتی 25ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە گەڵ پێنج هاوڵاتی دیکە دەستبەسەر و 13ی سەرماوەز به دانانی بارمته لە گرتووخانەیەکی ئەمنی ئێران لە ورمێ ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان