سێ هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای 14 ساڵ زیندانییان بۆ دەرکراوە

KMMK:
بە پێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سێ هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی فەرانەک جەمشیدی، هاشم مورادی و ئیسماعیل محەمەدپور بە 14 ساڵ زیندانی سزادراون.
لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، فەرانەک جەمشیدی بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکومەتی ئێران” بە چوار ساڵ زیندانی سزا داوە.
بە پشت بەستن بەو زانیارییانەی بە دەست KMMK گەیشتووە، دانیشتنی دادگایی ئەم چالاکوانە ژینگەپارێزە لە 4 ڕێبەندان بەڕێوەچووە و لە 14ی ڕێبەندان حوکمەکە بە پارێزەرەکەی راگەیەندراوە.
جێی ئاماژەیە، یەکشەممە 8ی پووشپەڕی 2720ی کوردی، هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی حکومەتی ئێران هەڵدەکوتنە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە شاری سنە و فەرانک جەمشیدی، ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان دەستبەسەر دەکەن و پاش نزیک بە پێنج مانگ دەستبەسەرکردن، 20ی سەرماوەز بە کەفالەتی 200 ملیۆن تمەن ئازاد دەکرێت.

لە راپۆرتێکی دیکەی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هاتووە، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی هاشم مورادی و ئیسماعیل محەمەدپور خەڵکی گوندی شیناوای پیرانشار، هەر یەکەیان لەلایەن دادگای ئینقلابی حکومەتی ئێرانەوە لەو شارە بە پێنج ساڵ زیندان سزادران.
دادگا ئینقلابی حکوومەتی ئێران ئەو دوو هاوڵاتیەی بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.

هاشم مورادی کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری 2720ی کوردی، دوای بانگهێشت کردن بۆ ناوەندی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران دەستبەسەر کرا و 8ی سەرماوەز بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. هەروەها ئیسماعیل محەمەدپور (حاجی عەبدوڵڵا) بەرەبەیانی یەکشەممە 25ی خەزەڵوەر بەبێ ئیزنی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنیەتەکانی حکومەتی ئێران دەستبەسەرکرا و 8ی سەرماوەز بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان